پەرەگراف
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حكومەتی بەغداوە "نایاساییە و فشارێكی سیاسییە" لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم، دەشڵێت، كۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنێكی باش لەگەڵ بەغداد لەبارەی نەوتو مووچە، بەڵام بەغداد ئامادە نەبووە جێبەجێی بكات.
ئەو وتانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمیانی كۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم تیشكی خستووەتەسەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حكومەتی بەغداوەو جەختی لەوە كردووەتەوە، "بڕیارێكی نایاساییە و فشارێكی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان" .
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش كردووە، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووەو نیازپاكی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور نیشانداوەو چەندین پێشنیاریشیان بۆ چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان خستووەتەڕوو.
"سەرەنجام لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەكگەیشتنێكی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بە جۆرێك كە حكومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و حكومەتی فیدراڵیش بڕی 900 ملیۆن دۆلار وەك مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر كاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی نەبوو" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
سەرۆكی حكومەت تەئكید لەوەش دەكاتەوە، نابێت حكومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو كارتێكی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەكاربهێنێت كە ئەمە دژی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.