كۆمەڵ: بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە تاڵە لە ئەستۆی ئەو سێ حیزبەیە كە حكومەتیان پێكهێناوە

26-04-2020 01:50
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ

پەرەگراف

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، بەپێی ئەوەی لە شاندەكەی هەرێم تێگەیشتوون جارێ پارە لە بەغداوە نایەت، دەشڵێت، بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە تاڵە لە ئەستۆی ئەو سێ حیزبەیە كە حكومەتیان پێكهێناوەو ئەگەر حكومەت مووچەی پێ دابین ناكرێت با دەستلەكار بكێشێتەوە.

دوای كۆبوونەوەی شاندەكەی هەرێم لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، عەبدولستار مەجید هەڵوێستی خۆیان‌و ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ شاندەكەی هەرێم ئاشكراكرد.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، بەرپرسیارێتی ئەم بارودۆخە ناهەموارو قۆناغە تاڵەی ئێستا هاووڵاتییان پێیدا تێدەپەڕن دەخەینە ئەستۆی ئەو سێ لایەنەی حكومەتی هەرێمیان پێكهێناوە، "ئەوە دەرهاویشتەی شێوازی حكومڕانیی 28 ساڵی ڕابردووە بەتایبەت ئەو دوو حیزبەو هەر حزبێكی دیكە كە ئێستا بەشدارە بەرپرسیارە".

عەبدولستار مەجید وتیشی "پێویستە ئەم حكومەتە مووچە دابین بكات‌و بەرپرسیارە لە دابینكردنی، هەر دەسەڵاتێك نەتوانێت ژیانی خەڵك باش بكات‌و مووچە دابین بكات پێویستە ئەو حكومەتە دەستلەكار بكێشێتەوەو با ڕێگە بەخەڵكی دیكە بدات ئەگەر پڕۆژەی پێیەو پڕوپاگەندەی بۆ دەكات بێتە گۆڕەپانەكەو بزانین چۆن كێشەی خەڵك چارەسەر دەكات".

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەكرد، ئەو كێشانەی لەگەڵ عێراق هەیە هەمووی نەخرێتە ئەستۆی عێراق، هەرێمی كوردستانیش بێ خەتا نییە، "چ لە ڕادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو هەندێك ئیلتیزاماتی دیكەش بەرامبەر حكومەتی عێراق، ڕاستە ئەوان چاویان بە گەشەی هەرێم هەڵنایەت، بەڵام هەرێم بیانووی بەدەستەوە داوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ داواشی كرد، هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێككەوێت‌و هەرچی هەیەتی ڕادەستی عێراقی بكات‌و عێراق بودجەو مووچە دابین بكات، لەبارەی ناردنی مووچەوە وتی"بەپێی ئەوەی لێیان تێگەیشتین جارێ پارە لە بەغداوە نایەت".