پەرەگراف
قوباد تاڵەبانیو شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغداد كۆبوونەوەو دۆخی داراییو ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغداد تاوتوێ كرد، شاندەكە دەڵێت، فشاری سیاسی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەولێرو بەغداد، جێگری سەرۆكی حكومەتیش تەئكدی دەكاتەوە شكست بەو هەوڵانە دەهێنن كە دەیانەوێت شایستە داراییەكانی هەرێم زەوت بكەن.
ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمیی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ڕابگرێت كە مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن، ئەوەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت گەڕاندووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندەكەی هەرێم، شاندەكە ئاماژەیان بەوەداوە داهاتی نەوتی عێراق بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە و كورتهێنانێكی زۆر گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەكانی حكومەتی فیدراڵیدا دروست بووە، "بەهۆی ئەم كورتهێنانەوە لە بەغدا فشاری سیاسی هەیە بۆ شكستهێنان بە لێكگەیشتنی پێشووی نێوان ھەرێم و بەغداد".
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، ئەولەویەتی حكومەت پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانە، دەڵێت "بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین و درێژە بە ھەوڵەكانیشمان دەدەین بۆ ئەوەی بژێوی خەڵك دابین بكەین و تەندروستییان بپارێزین، هەروەها جەختی كردەوە شكست بەو ھەوڵانە دەهێنین كە ئامانج لێیان زەوتكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستانە".
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەش كردووە، دەبێت بەوپەڕی شەفافیەتەوە بەردەوام لە پەیوەندیدابن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا و فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عیراق، دەشڵێت "دەبێت بەئاشكرا و بە شێوازێكی شەفافتر زانیارییەكان و دواپێشھاتەكان بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون بكرێتەوە".
كوردستانو عێراق لەبەردەم قەیرانێكی سەختی داراییو گەڕێكی دیكەی ململانێی نێوانیاندان، فشاری مووچە خۆرانی هەرێمیش لەسەر حكومەت ڕوو لە زیادبوونە، بەوپێیەی نزیكەی 50 ڕۆژە حكومەتی هەرێم مووچەی دابەش نەكردووەو لە كۆتایی مانگی 4ی 2020دانو تائێستا مووچەی هیچ مانگێكی ئەمساڵ دابەش نەكراوە.