وەزارەتی دارایی: ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوە

23-03-2023 05:01

پەرەگراف 

وەزارەتی دارایی ھەرێم لە ڕوونکردنەوەکەیدا لەبارەی چارەنووسی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتەسەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری و ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ مووچەی ئەو مانگە تەرخان کراوە.

دەقی ڕونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.    

٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنها بۆمووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.    

٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.     

٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتەسەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشیدروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.