پەرەگراف
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "سێ گەنج كە بە مەبەستی ڕاوەماسی ڕوویان لە ناوچەكە كردبوو، كەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و یەكێكیان خنكا".
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، ئەو سێ گەنجە شەوی ڕابردوو لە دەریاچەی دەربەندیخان ماونەتەوە بە مەبەستی ڕاوەماسی. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان "بەھۆی نەشارەزایی یەكێكیانەوە بەلەمەكەیان وەرگەڕاوە و كەوتوونەتە دەریاچەكەوە".
پۆلیس دەشڵێت "دوان لە گەنجەكان توانیویانە خۆیان ڕزگار بكەن، بەڵام گەنجەكەی دیكەیان كە لەدایكبووی ١٩٨٣یە، مەلەی نەزانیوە و خنكاوە".
ئەو گەنجەی لەناو دەریاچەكەدا بێسەروشوێن بووە، ناوی سامان عەبدوڵڵایە و خەڵكی قەزای دەربەندیخانە.
پاش ڕووداوەكە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان گەیشتوونە شوێنی ڕووداوەكە و لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەكانی تردا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەكە.
بەمەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەكە، دوو گەنجەكەی تر لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ھەوارە بەرزەوە دەستگیر كراون و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.