پەرەگراف
لەشاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەراسیمێکی سەربازی و جەماوەری ڕێکخرا بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو ٩ شەڕڤانەی هەسەدە کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکانیان لە دهۆک گیانیان لەدەستدا.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە وتارێکدا لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، ئەو ٩ شەڕڤانە پێشەنگی شەڕیان دەکرد دژ بە تیرۆر و داگیركەران، وتیشی، هەمووان دڵنیا دەکەنەوە کە لە دژی تیرۆر خەباتی خۆیان زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن.
ئەو ٩ شەڕڤانە ئێوارەی ١٥ی ئەم مانگە لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستدا کاتێک دوو هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتنەخوارەوە کە بەڕێگاوەبوون بۆ سلێمانی.
هەرلەسەر ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەرکیا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند "ئەمریکا هیچ پەیوەندیی یان بەشدارییەکی لە گەشتی هێلیکۆپتەرەکەی هەسەدە نییە. هەسەدە هێزێکی سەربەخۆیە و خۆیان ئۆپەراسیۆنی تایبەت دەکەن. ئێمە بەردەوام هاوبەشی هەسەدەین لە ئۆپەراسیۆنەکانی لەناوبردنی داعش و جارێکی دیکە دەیڵێینەوە نە ئەمریکا و نە هاوپەیمانان پەیوەندییان بە رووداوی هەلیکۆپتەرەکەوە نەبووە یان هیچ زانیارییەکمان نەبووە پێش ئەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەڕێبکەوێت".
دوای ڕووداوەکە هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕاگەیەندراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوەو وتی، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی روبەڕوبونەوەی شانەكانی داعشدا، گروپێك لە یەكینەكانی روبەڕووبونەوەی تیرۆر (YAT)ی سەر بە هێزەكانیان چوون بۆ هەرێمی باشوری كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی ئەمنیو سەربازیی.
"لەكاتی جوڵەی یەكینەكە بۆ شاری سلێمانی، لە ئێوارەی 15ی ئازاری 2023دا، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەواوە، دوو هێلیكۆپتەر كەوتنەخوارەوە كە ئەو هێزەی هەڵگرتبوو. بەهۆی كەوتنەخوارەوە دوو هێلیكۆپتەرەكەوە (9) كەس لە شەڕڤانەكانمان بە فەرماندەیی(شەڕڤان كۆبانێ) شەهیدبوون" ھەسەدە وای وت.
ھەسەدە وتیشی "ئەم هێزە راهێنراوانە هاوبەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژ بە داعشدا. داوا لە لایەنەپەیوەندیدارەكان لەهەرێمی باشوری كوردستان دەكەین هاوكاری بكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدەكان بۆ ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریاو بەگوێرەی دابو نەریت مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن".