ئێران بۆ ئەمریكا: لێتان ناترسین‌و جموجوڵتان لەژێر چاودێریدایە

26-04-2020 01:16

پەرەگراف

ئێران لە كاردانەوەی فەرمانە یەكلاییكەرەوەكەی ترەمپدا، نەترسانی خۆی دووپات دەكاتەوەو دەڵێت، چاودێریی جوڵەی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكەن‌و شوێنپێیان هەڵدەگرن، بەڵام دەستپێشخەریی شەڕ ناكەن.

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، لەمیانی بە شداریكردن لە بەرنامەیەكی قورئانی قسەی بۆ خەڵكی وڵاتەكەی كردو تەئكیدی لەوە كردەوە، نەترسان لە دوژمن فەرمانێكی گرنگی قورئانەو بارودۆخی هەندێ لە دەوڵەتە ئیسلامییەكان و "سووكایەتی پێكردنیان لە لایەن زاڵمانەوە" بە ئەنجامی ترسانی ئەو وڵاتانە ناوبرد.

لەو چوارچێوەیەدا خامنیی وتی "ترسان لە ئەمریكا دەرئەنجامێكی تاڵی بە دواوە دەبێت".

هاوكات حەسەن ڕۆحانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ میری قەتەر، ئاماژەی بە جموجوڵەكانی ئەمریكا لە ناوچەك كردووە، خامەنیی دەڵێت، ئێران چالاكی و جموجوڵەكانی ئەمریكای خستووەتە ژێر چاودێرییەوەو شوێنپێی هەڵدەگرێت، "بەڵام هیچكات دەستپێكەری هیچ شەڕ و تێهەڵچوونێك لە ناوچەدا نابێت".

گرژییەكانی ئەمریكاو ئێران تادێت زیاتر دەبێت‌و ئەمریكا سزای تووندتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، بەتایبەت لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكاوە دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات، لەكاتی هاتنەسەر حوكمی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریكا، گرژییەكانی سەریان هەڵدایەوەو بە چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی قۆناغێكی نوێ دەستی پێكرد.

وەڵام‌و پەیامەكانی ئێرانییەكان لەبارەی ئەمریكاو جموجوڵەكانی دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەكەی كردووە، هەر بەلەمێكی ئێرانیی تێكبشكێنن ئەگەر گێچەڵیان بە كەشتییەكانی ئەمریكا كرد لە ئاوەكاندا.

ئەو فەرمانەی ترەمپ دوای ئەوەهات كە هەفتەیەك پێشتر، هێزی دەریایی ئەمریكا ڕەفتاری بەلەمە ئێرانییەكانی لە ئاوەكانی كەنداودا بە "مەترسیدار و گێچەڵ پێكردن" ناوبردو ڕایگەیاند، بەلەمەكانی سوپای پاسدارانی ئێران نزیكەی 10 مەتر لە كەشتییەكی ئەمریكا نزیك بوونەتەوە.