ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم بەرزبووەوە

24-04-2020 09:04


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، دوو تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكران، یەكێكیان پیاوێكی تەمەن 80 ساڵ دانیشتووی شارباژێڕەو ئەوەی دیكەیان پیاوێكی تەمەن 29 ساڵە دانیشتووی قەزای كفرییە.

بەدەر لەو دوو تووشبووە نوێیە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 2 تووشبووی دیكەی ڤایرۆسەكە لە پارێزگای دهۆك دەستنیشان كراون، پیاوێكی تەمەن 77 ساڵ‌و منداڵێكی تەمەن 8 ساڵانن، ئەوەش لە كۆی هەزارو 97 پشكنین كە لە هەرێم ئەنجام دراون.

ئێستا ژمارەی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 343 كەس، لەنێویاندا 4 مردن هەیەو 315 نەخۆش چاكبوونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگاكانی هەرێم ئاسانكاریی كراوە بە ئاڕاستەی ئاسایی كردنەوەی ژیان، بەڵام هێشتا مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە كۆتاییان نەهاتووە، هاوكات هەزارو 772 كەس لە كەرەنتینەكاندا ماون لە سەتاسەری هەرێم.

كۆرۆنا لە عێراق

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئاماری تۆماركردنی حاڵەتە تازەكانی تووشبوون بە كۆرۆنای لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند كە 31 حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.

هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا سێ حاڵەتی گیانلەدەستدانی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كراون، دوو حاڵەت لە بەغدا و حاڵەتێك لە موسەننا.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق چاكبوونەوەی 33 تووشبووی دیكەی ڤایرۆسەكەیشی ڕاگەیاندووە.

ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە عێراق گەیشتە هەزار و 708 حاڵەت، لەو ژمارەیە هەزار و 204 تووشبوویان چاك بوونەتەوە كە دەكاتە لەسەدا 70 و پۆینت چواری تووشبووان، 86 تووشبوویشیان گیانیان لەدەست داوە.