پەرەگراف- سوركێو محەمەد
مستەفا كازمی بەرامبەر كورد نەرمیی پیشانداوە كە كاندیدی پۆستە وەزارییەكان لە كابینەكەیدا كورد خۆی دیارییان بكات، بەڵام مەرجی هەیەو نایەوێت وەزیرەكانی ئێستا دابنرێنەوە، پارتی بەوە ڕازی نییەو مەسعود بارزانی لەسەرهێڵەو فشار دەكات بۆ مانەوەی فوئاد حسێن وەك وەزیری دارایی.
كازمی بەدەر لە بارزانی فشاری هەندێك لە شیعەو سوننەكانیشی لەسەرە، بەڵام هێشتا نەچووەتە ژێرباری فشارەكان، لەگەڵ ئەوەشدا نەخشەی چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەكەیو دابەشكردنی پۆستەكانی ئامادە كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد دەست پەرەگراف كەوتووە، كابینەی نوێ لەسەر هەمان نەخشەی حكومەتی ئێستای عێراق پێكدەهێنرێتو پشكی پێكهاتەكان وەك ئێستا دەمێننەوە.
"مستەفا كازمی گوتوویەتی پشكی شیعەو سوننەو كورد وەك خۆی دەمێنێتەوەو هەمان ئەو وەزارەتانەیان پێدەدرێت كە ئێستا لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا هەیانە، بەوەش وەزارەتەكانی دارایی، ئاوەدانكردنەوەو داد بۆ كورد دانراون"سەرچاوەكە وادەڵێت.
لەبارەی ئەو كەسانەی كە پۆستی وەزارەتەكان وەردەگرن، سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت "كازمی دەیەوێت خۆی وەزیرەكان دیاریی بكاتو هیچ كام لەو كەسانە دانەنێتەوە كە ئێستا وەزیرن، بەڵام بۆ كورد ڕەزامەندی پیشانداوە كە كورد خۆی وەزیرەكانی دیاریی بكات، بە مەرجێك ئەوانەی ئێستا دانەنرێنەوەو كەسانی پلەیەكی حیزبییش كاندید نەكەن، ئەوەش یەكێكە لە گرفتەكانی بەردەمی، چونكە لە كورد پارتی دیموكرات بەوە ڕازیی نییە، لە شیعە دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیو هەندێك لە حەشدی شەعبیو لە سوننەكانیش محەمەد حەلبوسیو خەمیس خەنجەر بەوە ڕازیی نینو داوادەكەن خۆیان وەزیرەكان دیاریی بكەنو دەستكراوەبن كێ دیاریی دەكەن".
هەرچەندە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆئەوەی كورد بە یەك شاند گفتوگۆ لەگەڵ مستەفا كازمی بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتو ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی تەئكیدی لەوە كردەوە، بەڵام لە ئێستادا لەلایەن كوردەوە تەنها مەسعود بارزانی لەسەر هێڵەو گفتوگۆ دەكات.
"پێرێ(18-4) جارێكی دیكە بارزانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مستەفا كازمی كردووەو سووربووە لەسەر مانەوەی فوئاد حسێن لە پۆستەكەی، هەر هەمان ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ عەممار حەكیمیش كردووە بۆ هەمان مەبەست" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
مستەفا كازمی هێشتا نەچووەتەژێرباری فشارەكان، بەڵام وەك سەرچاوە ئاگادارەكە دەڵێت، ڕەنگە زۆر كێشەی لەگەڵ داواكارییەكەی بارزانی نەبێت، بەڵام ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر فشاری بارزانی قبووڵ بكات دەبێت فشاری لایەنەكانی دیكەش قبووڵ بكات.
ئەگەر پشكی كورد وەك ئێستا بە سێ وەزارەت بمێنێتەوە، دووانیان بۆ پارتیو ئەوەی دیكەیان بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام ئەگەر بكرێت بە چوار وەزارەت، چوارەمیان دەدرێت بە بزووتنەوەی گۆڕان.
هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە خێرایی پێكبهێنرێتو هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی بنێت لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕوبەڕوی بووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جارێكی دیكە پشتیوانیی بۆ كازمی دەربڕیو ئەوەی خستە ڕوو، وەرەقەیەك ئامادەكراوەو لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێمو فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغداد كاری لەسەر كراوە بۆ دانوستاندن، لەسەر پرسەكان؛ بودجە، نەوتو ناوچە دابڕاوەكان، دانوستاندن لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو لە چوارچێوەی ئەو وەرەقەیە دەبێت.
سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، بەمنزیكانە فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە دەكەونە دانوستاندن لەگەڵ كازمی، وتیشی "ئەوەی من لە مستەفا كازمی گوێم لێ بووە وەزارەتەكان وەك خۆی دەمێنێتەوە، بۆ وەزیرەكان نازانم".
كورد هەر لەسەرەتاوە بە گەرمیی پشتیوانیی لە مستەفا كازمی كرد، تەنانەت بەرلەوەی ڕابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی یەكەم بەیاننامەی پشتیوانیی لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ نێردرا.
هەروەها بەرهەم ساڵح بە وەسفو پیاهەڵدانێكی زۆرەوە نامەی ڕاسپاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی ڕادەستی مستەفا كازمی كرد، هەر هەمان ڕۆژ كە 9ی ئەم مانگە بوو، زۆری نەبرد سەركردەكانی پارتیو یەكێتی وەك دوو حیزبی باڵای هەرێم، دەستیان دایە تەلەفۆنو یەك لە دوای یەك پەیوەندییان بە كازمییەوە كردو پشتیوانییان بۆ دەربڕی.
پاڵپشتییەكەی كورد پێشینەی هەیەو هەرلەسەرەتای دەستلەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەرهەم ساڵح هەوڵی بۆ كازمی داوەو دوو مانگ زیاتریشە مەسعود بارزانی چووتە سەر هەمان ڕاوبۆچوونو لە هەوڵدایەو ناوی كازمی خستووەتەسەر مێزی لایەنەكان بۆئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی وڵات.
مستەفا كازمی كەسایەتییەكی شیعەیەو خەڵكی بەغدادە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقەو سەركردەكانی كورد بە دۆستی خۆیانی دەزانن، كەسایەتییەكی نزیكە لە بەرهەم ساڵحو ماوەیەك لە سلێمانی ژیاوەو سەرنوسەری گۆڤارێك بووە بەناوی(ئسبوعیە) كە بە عەرەبی دەرچووەو دەزگای خەندانی بەرهەم ساڵح دەریكردووە.
بەهۆی پێگە ئەمنیو هەواڵگرییەكەیەوە، پەیوەندیی باشی لەگەڵ مەسرور بارزانیو لاهور شێخ جەنگی هەیە كە ئەوانیش دوو كەسی باڵای ئەمنیو هەواڵگرین لە هەرێمی كوردستانو بەرپرسی یەكەمی ئاژانسی پاراستنی پارتیو دەزگای زانیاریی یەكێتی بوون.
هەرچەندە لەسەر ئاستی كەسیی پەیوەندیی بەرپرسانی كوردو كازمی باش بێت، بەڵام پشتیوانییە پڕاوپڕو گشتگیرەكەی كورد، لە كاتێكدایە هێشتا ڕاوبۆچوونو هەڵوێستی ڕوونی كازمیی ئاشكرا نییە وەك سەرۆكوەزیری وڵات لەبارەی پرسی كوردو كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغدادو ناوچە كێشە لەسەرەكان، قسەیەكش كە ئێستا كازمی دەیكات جیاواز دەبێت لە كردارو هەنگاوێك كە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەینێت.
دۆخی وڵات بۆ كازمی ئاسان نییەو عێراق گیرۆدەی چەندین كێشەو قەیران بووە، سەرەكیترینیان كە هاوبەشە لە نێوان بەغدادو هەولێر قەیرانی داراییە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر نرخی نەوت بەزویی هەڵنەكشێت، عێراق ئەو پارەیە لە گیرفانیدا نابێت كە كورد چاوەڕوانە بۆی بنێرێت، تەنانەت ئەگەر كازمی خۆیشی ئەو خواستو نیەتەی هەبێت.