پەرەگراف
مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا وەڵامی پەیامەكەی تیمی یەكێتی لە حكومەت دەداتەوەو دەڵێت: بۆ پێكهاتەكانی ناو حكومەت باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە.
تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم دوێنێ پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ڕەخنەی لە مەسرور بارزانی گرتو گوتی: هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر یەكێتی، یەكێتی تاقم و دەستە نییە. تیمەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە نامەیەكی ناڕەزاییان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت كردووە.
دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
لەم چەند رۆژەدا پەیام و نامەی زۆر كەسایەتی و لایەنی بەشداربووی ناو حكومەت و دەرەوەی حكومەت و لەوانەش تیمی وەزاریی یەكێتی نیشتمانیم پێ گەیشت. ئەوەی پێویست بێت لەم رۆژانە بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان باس كراوە، بۆیە پێویست بە بەردەوامیی وەڵام و وەڵامدانەوەكان ناكات.
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ماندوون و لە هاتنە كایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و گرژیانە نیگەرانن. هاووڵاتیانمان شایستەی ئەوەن زۆرترین خزمەتیان بكەین نەك تووشی دڵەڕاوكێ بكرێن.
ئەركی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی كێشەكانە و دەبێت هەموو لایەك هاوكار بن رێگە لە تەشەنەكردنی گرژییەكان بگیرێت. بۆ پێكهاتەكانی ناو حكومەتیش باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. هیوادارم هەموو لایەك دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، لە ئاست ئەركی نیشتمانیمان بین تاكو پێكەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەت هەرێمی كوردستان
2020/4/18