حکومەتی ھەرێم ئەو بڕە پارانەی ئاشکرا کرد کە لە قەیرانی کۆرۆنادا بەدەستی گەیشتوون

16-04-2020 02:26

پەرەگراف

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڕی ئەو کۆمەک و ھاوکارییانەی ئاشکرا کرد کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بە حکومەت دراون و دەڵێت: بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.

دەقی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیاو زانیاری

ئەو ھاوکارییانەی لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا گەیشتوونەتە دەست حکومەتی هەرێم بەم شێوەی خوارەوەیە:

یەکەم: کۆمەک (تبرعات)، تاكو ئێستا (20.5) بیست ملیۆن ونیو دۆلار کۆمەک كراوه بۆ هەژماری ناوەندی ئەنجومەنی وەزیران، ئەم پارەیە بۆ كڕینی خۆراک و دەرمان تەرخان دەکرێ، دواتر بەسەر هەموو پارێزگاکانی ھەرێم بە پێی رێژەی دانیشتوان دابەش دەکرێ.

دووەم: بەغدا (3.5) سێ ملیار و نیو دیناری ناردووە، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێ.

سێیەم: رێکخراوی WHO هیچ بڕە پارەیەکی کۆمەک نەكردووە، تەنها هەندێك ئامێر وکەرەستەی تەندروستی رادەستی وەزارەتی تەندروستی کردووە.

چوارەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوه (600) ملیار دینار بەسەر خەلكی هەژار دابەش بکات، ھەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی كردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم نەناردوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٦ نیسانی ٢٠٢٠