پەرەگراف
حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاكانی حكومەت تا 2 ی ئایار درێژ بكرێتەوە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام بن.
ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/15 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ، ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەشدار بوو، دۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی كوردستان هەڵسەنگێنرا و دوایین پێشهات و پلانەكانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تاوتوێ كرا.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لە سەر خەڵك سووك بكەین بە شێوەیەك كە كاریگەریی لە سەر جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەكان نەكات.
ئەنجومەنی وەزیران لە كاتێكدا سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەكات بە رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزیی، بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاكانی حكومەت تا 2 ی ئایار درێژ بكرێتەوە و رێكارەكانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.
لە كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ئامادەكاریی ناردنی شاندێكی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەكان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف وشایستەكانی ھەرێمی كوردستان ویەكخستنی ھەوڵەكان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق وھەرێمی كوردستانیش.
ئەنجومەنی وەزیران لە (32) مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوای كرد كە حكومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی جێبەجێ بكات لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووكردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەشی بەر ھەرێمی كوردستان كەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی كاولكاریی رژێمەكانی پێشوو وەك لە دەستووردا بە ئاشكرا جێگیركراوە.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هێرشی حەفتەی رابردووی تیرۆرستانی داعشیشی بۆ سەر شارۆچكەی كوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار كرد كە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان وبرینداربوونی چەند پێشمەرگەیەكی تر، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە كە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و كۆتایی پێنەھاتووە ، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی كرد كە جگە لە راپەڕاندنی ئەركی پاراستنی ھەرێم لە ھێرشی تیرۆریستان ، یارمەتی ئاسایش وهێزەكانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزیی.
ئەنجومەنی وەزیران جەژنی قیامە لە خوشك وبرا مەسیحییەكان و سەری ساڵی ئاینی ئێزدیش لە خوشك و برا ئێزدییەكان پیرۆز دەكات .