پەرەگراف
فڕۆكەیەكی توركیا كەمپی مەخموری بۆردومان كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكە شەهید بوون.
لەیلا عوزێر هاوسەرۆكی پێشووی شارەوانیی كەمپی مەخمور بە پەرەگرافی وت"فڕۆكەیەكی توركیا بۆردومانی باخچەی كەمپی مەخموری كرد كە 500 مەتر لە ماڵەكانی كەمپەكەوە دوورە، لە ئەنجامدا سێ ژن شەهید بوون كە لە ناو باخچەكەدا بوون".
لەیلا عوزێر وتیشی"ئەو سێ ژنە دوانیان خوشكنو ئەوەی دیكەیان ئامۆزایانەو لەكاتی بۆردومانەكەدا لەناو باخچەكەیان سەرقاڵی كاركردن بوون، دوانیان دەستبەجێ شەهید بوونو ئەوەی دیكەیان دوای برینداربوونی شەهید بووە".
بۆردومانەكە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فڕۆكەیەك بووەو یەك جار یەك مووشەكی ئاڕاستە كردووە، بەوتەی هاوسەرۆكی پێشووی كەمپی مەخمور، هاوكات ڕەتی كردەوە ناوچەكە بنكەو بارەگای پەكەكەی تێدابێت.
كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور ئەندامو لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ی تێدایە، توركیا هاوشانی قەندیلو شەنگال، بەردەوام ناوی مەخموریش دەهێنێتو هەڕشەی لێدان دەكات، پێشتریش چەندینجار بۆردومانی كەمپەكەی كردووەو زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.
ئەو ناوچەیەی ئەمڕۆ لە مەخمور فڕۆكە توركییەكە بۆردومانی كردووە، پێی دەڵێن ناوچەی گوڵان، دانیشتوانی كەمپەكە لەو ناوچەیە كاری كشتوكاڵو ئاژەڵداریی دەكەن.
لەلایەكی دیكەوەو هەر ئەمڕۆ لە زینی وەرتێ، فڕۆكەكانی توركیا ئەو بارەگایەی گەریلاكانی پەكەكەیان بۆردومان كرد كە لە نێوان دوو بارەگای پێشمەرگەدا دانراوە.
لوقمان وەردی پەرلەمانتاری یەكێتی، وێنەكانی ساتی دوای بۆردومانەكەی بڵاوكردەوە كە لەوكاتەدا خۆی لەوێ بووەو بارەگاكانی پێشمەرگەی بەسەركردووەتەوە كە یەكێكیان سەربە یەكەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگە(یەكێتی) و ئەوەی دیكەیان لە لیوا ھاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
بارەگاكەی پەكەكە لە نێوان ئەو دوو بارەگایەی پێشمەرگەدایەو چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورن.
هێشتا زیانەكانی ئەو بۆردومانەی توركیا لە زینی وەرتێ ئاشكرا نەكراوە.