لە هەولێر 22 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوە

13-04-2020 09:04


پەرەگراف

تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، 22 نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبوونەتەوەو بڕیاردرا بنێردرێنەوەماڵەوە.

بەوەش كۆی گشتی چاكبووەوەكان لە هەولێر گەیشتە 74 كەس.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا هەزارو 792 پشكنین ئەنجامدراوە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ حاڵەتێكی پۆزەتیڤ نەبووە، بەوەش هیچ تووشبوویەكی نوێ تۆمار نەكراوە لەو ماوەیەدا.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتووەتە 330 تووشبوو، لەنێویاندا 4 مردن هەیە و 190 نەخۆش چاكبوونەتەوە.

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٤٩)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، ڕێكارەكان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1. كەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە كەڕەنتینەكان (٧٢١٦) هاووڵاتی بوون لە (٣٠) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٠٧٤) هاووڵاتی لە كەرەنتین ماونەتەوە (٣٩٤) لە هەولێر، (٣٦) لە سلێمانی، (٦٢٠) لە دهۆك، (٦) لە گەرمیان، (١٨) لە ڕاپەرین، وە (٦١٤٢) هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەكانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ كەڕەنتین كردنی ژمارەیەكی تری كەرەنتین كراو لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو كە كۆی گشتی بریتی بوو (٢٨٤) هاووڵاتی.

2. پشكنین
لەماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو (١٧٩٢) پشكنین ئەنجام دراوە، (٩٨٩) هەولێر، (٤٩٧) سلێمانی، (٣٠٦) دهۆك.
دەرەنجام هیچ تووشبووی نوێ لە هەرێمی كۆردستان تۆمارنەكراوە.

3. ئاماری گشتی
كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەشتە (٣٣٠) تووشبوو، لەنێویاندا (٤) مردن هەیە و (١٩٠) نەخۆش چاكبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی پزیشكی كە لە كاردان جارێكی تر تكا دەكەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەكانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەكانی تەندروستی، وە لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٣ی نیسانی٢٠٢٠