پەرەگراف
لە توركیا ڕۆژانە زیاتر لە سێ ئەوەندەی ئێران تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار دەكرێت، بەڵام لە ڕێژەی مردن بە پێچەوانەوەیەو لە ئێران حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان زیاترە.
فەخرەددین كۆجا وەزیری تەندروستی توركیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا، چوار هەزار و 789 تووشبووی نوێ دەستنیشانكراون، كۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە 56 هەزار و 965 حاڵەت.
دۆخەكە لە ئێران جیاوازەو ئەو وڵاتە لە پێش توركیاوە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەوە، هەرچەندە خراپترین دۆخی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەی ژمارەی تووشبووی نوێی ڕۆژانە زۆر كەمترە لە توركیا.
لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا، هەزار و 657 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە ئێران تۆمار كراون، بەوەش ئاماری تووشبووان گەیشتە 71 هەزار و 686 كەس، كیانوش جیهانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.
ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەكە لە ئێران بەرزە، تائێستا چوار هەزار و 472 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە كە 117یان لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا بووە.
لەگەڵ بەرزیی ڕێژەی مردن، بەڵام چاكبوونەوەش لە ئێران ڕێژەكەی بەرزەو تائَستا لەسەدا 61ی كۆی تووشبووان چاكبوونەتەوە كە 43 هەزارو 894 كەس بوونو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
لەبارەی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە توركیا، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە دەڵێت، هەزارو 198 كەس گیانیان لەدەستداوە كە 97یان لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا بووە.
هەروەها تا ئەمڕۆ سێ هەزار و 446 تووشبووی كۆرۆنا لە توركیا چاكبوونەتەوەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی دونیا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەو خستنەوەی قوربانیی زیاتر، ژمارەی تووشبووان لە جیهان ملیۆنێكو 800 هەزاری تێپەڕاندووەو زیاتر لە 113 هەزار كەسیش مردوون، هاوكات زیاتر لە 420 هەزار حاڵەتی چاكبوونەوەش هەیە.
ئەمریكا لە ڕیزبەندی یەكەمی وڵاتانی دونیادایە لە ژمارەی تووشبوونو مردن، تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئەمریكا نیوملیۆن كەسی تێپەڕاندووەو مردنیش گەیشتووەتە زیاتر لە 21 هەزار حاڵەت.
لە ژمارەی تووشبووان، دوای ئەمریكا ئیسپانیا دێت كە زیاتر لە 166 هەزار تووشبووی هەیە، دواتر ئیتاڵیایە كە زیاتر لە 156 هەزار تووشبووی هەیە.
لە مردنیشدا ئیتاڵیا دووەم وڵاتی دونیایەو نزیكەی 20 هەزار حاڵەتی مردن بە كۆرۆنای تۆمار كردووە، دوای ئەویش ئیسپانیا دێت بە تۆماركردنی نزیكەی 17 هەزار حاڵەت.