بنەماڵەی مستەفا سەلیمی پشتڕاستی دەكەنەوە كە "لە پێنجوێنەوە ڕادەستی ئێران كراوەتەوە"
پەرەگراف
بنەماڵەی مستەفا سەلیمی زۆر نیگەرانن لەوەی هەرێمی كوردستان داڵدەی سەلیمیی نەداوە، برازایەكی دەڵێت "مامەم خۆی ئیعترافی كردووەو وتویەتی سێ شەو لە پێنجوێن بووم و دواتر ڕادەستی ئێران كراومەتەوە".
فاتمە سەلیمی برازای مستەفا سەلیمی لە شاری سەقزەوە بۆ ماڵپەڕی درەو میدیا قسەی كردووەو دەڵێت "زۆر نیگەرانین لێتان، مامەم(مستەفا سەلیمی) پەنای بۆ ئێوە هێنا، بەڵام ڕادەستی ئێرانتان كردەوە، مامەم خۆی وتویەتی سێ شەو لە پێنجوێن بووە، دواتر لەوێوە ڕەوانەی مەرزكراوەتەوە".
هاوكات دوو چالاكوانی مافی مرۆڤ كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستاننو داوایان كرد ناویان نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف تەئكیدیان لەوە كردەوە كە ئەوان قسەیان لەگەڵ خێزانو كەسە نزیكەكانی مستەفا سەلیمی كردووەو پێیان گوتوون كاتێك ڕۆژی هەینی كە بۆ دواین دیدار سەردانی مستەفا سەلیمییان كردووە لە زیندان، "خۆی بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوتویەتی چوومەتە پێنجوێنو لەوێوە ڕادەست كراومەتەوە".
فاتیمە سەلیمی لە وتەكانیدا چەند جارێك تەئكید لەوە دەكاتەوە كە مامەی(مستەفا سەلیمی) لە ناحیەی گەرمك بووەو دواتر لە پێنجوێن بووە، لە وەڵامی ئەوەی ئێوە نیگەرانن لەوەی لە هەرێمی كوردستان كەس نەهاتۆتە دەمیەوە؟ فاتیمە دەڵێت "بەڵێ .. بەڵێ ئەرەوەڵا زۆر نیگەرانین.. مامەم پەنای هاوردە پێنجوێن .. هیچ كەس نەهاتە دەمیەوە".
"بوم بەقوربانت، لە ئاوایی گەرمك بووەو دواتر بۆ پێنجوێن و سێ شەو لە پێنجوێن ماوەتەوە، وتویانە پێشمەرگەكان دێن بە دەممانەوە، كردویانەتە ماشێن و بردویانە بۆ ئاساییش، وتویانە یەك مانگ كرنتینەت دەكەین..نەیزانی كەڵەكی لێ دەكەن (فێڵی لێدەكەن) تەحویلی ئاساییشی دەكەن، ئاساییشیش تەحویلی (رادەستیكردووە)ئێرانی داوە، كوێر بم بۆ مامەی جوانم.. بۆ مامەی دوژمن بەزێنم".
بەرەبەیانی دوێنێ مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سێدارە درا.
پەرەگراف دوێنێ لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ئەوەی بڵاوكردەوە، مستەفا سەلیمی یەك هەفتە دوای هەڵاتنی لە زیندانی سەقز، هەینی پێشووتر(3-4) خۆی گەیاندووەتە قەزای پێنجوێن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراوەو ڕێگە نەدراوە لە هەرێم بمێنێتەوە.
دۆسیەی مستەفا سەلیمی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ڕوبەڕوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرایەوە، بەو پێیەی هێزی ئەمنییو هەواڵگریی ناوچەكە سەربەو حیزبەن، بەڵام ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕەتیكردەوە ئەوان ڕادەستیان كردبێتەوەو ڕایگەیاند، هیچ داتایەك بەناوی (مستەفا سەلیمی) لەناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگەو دەروازە سنوریەكان بەردەست نییەو ئێمە هیچ كەسێك بەوناوە ناناسین.
فاتیمە سەلیمی برازای مستەفا، بە تەئكید كردنەوەوە دەڵێت"بەڵێ بەڵێ ئەرەوەڵا دڵنیاین...لەوێوە تەحویلی ئێران دراوە.. بەڵێ دڵنیاین.. لە پێنجوێنەوە تەحویلی ئێرانیان دایەوە، لە وێشەوە (70) ماشێنی ئێران هاوردیانەوە. ئەوان تەحویلی سەر مەرزەكەیان كردووەو لە سەر مەرزەكە تەحویلی ئێران كریاوە".
دەشڵێت"بەڵێ ئەرێ وەڵا.. زۆر دڵنیاین... زۆۆۆر زۆۆۆر كارێكی خراپیان كرد.. زۆر كارێكی خراپیان كرد، یەكێتی دەڵێت ئێوە ناو ئێمەتان خراوكردووە، ئێمە ناو كەس خراپ ناكەین، ئەوان نەهاتونەتە دەم مستەفا سەلیمیەوە".
سەلیمی چۆن هەڵاتو خۆی گەیاندە هەرێمی كوردستان؟
دوو هەفتە لەمەوبەر زیاتر لە 70 زیندانیی كە سزای قورس درابوون، توانییان لە زیندانی شاری سەقز هەڵبێن، مستەفا سەلیمی یەكێك لەو زیندانییانە بوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو ڕووداوە بۆ پەرەگراف وتی"هەڵاتنەكەیان پلان بۆ داڕێژراو بوو، دوای هاتنە دەرەوەیان لە زیندان مستەفا سەلیمیو چوار هاوڕێی زیندانی ڕاستەوخۆ خۆیان گەیاندووەتە شاری بانە".
شكاندنی درگای زیندانو هەڵاتنی زیندانییان لەكاتی ئەو پشێوییانەدا بوو كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئێران هاتبووە ئاراوە.
مستەفا سەلیمی دوای چەند ڕۆژێك مانەوەی لە شاری بانە، لە هاوڕێكانی جیادەبێتەوەو دەڵێت، چی دی ئەو نایەوێت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بمێنێتەوە.
"هەینی ڕابردوو(3-4-2020) مستەفا سەلیمی لە بانەوە خۆی گەیاندووەتە هەرێمی كوردستانو لە ناحیەی گەرمك چووەتە ماڵی كەسێك، هەر ئەو شەوە ئاسایشی ناوچەكە لەژێرناوی بردنی بۆ پشكنینی كۆرۆنا دەستگیریان كردووە" سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگادارەو زانیاریی وردی هەیە وادەڵێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "سەلیمی شەوێك لە قەزای پێنجوێن ماوەتەوەو بۆ بەیانیی ڕۆژی شەممە لە خاكی هەرێم دەركراوەو نێردراوەتەوە بۆ ئێران".
لەبارەی شێوازی ناردنەوەكەی مستەفا سەلیمی دوو گێڕانەوەی جیاواز هەن؛ سەرچاوەكە دەڵێت "هەندێك دەڵێن براوەتە سەر مەرزی بانەو پێیان گوتووە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نابێت لە خاكی هەرێم بمێنیتەوە، پاشان چووەتەوە خاكی ئێرانو دەستگیر كراوە. هەندێكی دیكەش دەڵێن ئاسایشی گەرمك بە كەلەپچەكراوی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانی كردووە لەسەر سنور. بەڵام ئەوە ڕوونە كە مستەفا سەلیمی زۆر تكای كردووە ڕێگەی مانەوەی لە خاكی هەرێم پێ بدرێت، چونكە ئەو زیندانی سیاسییەو ئەگەر ببرێتەوە ئێران لە سێدارە دەدرێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكراوەتەوە، هەرچەندە دەبوایە بارودۆخی لەبەرچاو بگیرێو ڕێگەی مانەوەی پێ بدرێت".
"ڕۆژی هەینی بەرپرسانی ئەمنیی بنەماڵەی مستەفا سەلیمییان ئاگادار كردووەتەوە كە بۆ دواین ماڵئاوایی سەردانی بكەن لە زیندان، ئەوانیش چوونەتەلایو بۆ دواجار دیداریان لەگەڵی ئەنجام داوە".
مستەفا سەلیمی، خەڵكی گوندی ئیلوی سەقزە، ماوەیەك پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بووە، بەڵام دواتر وازیهێناوەو گەڕاوەتەوە بۆ سەقز، لە ساڵی 2003 دەستگیر كراوەو بە تۆمەتی كاركردن بۆ گروپی چەكدار لە دژی ڕژێمی ئێرانو پەیوەندیی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام سزاكەی جێبەجێ نەكراوەو 17 ساڵ تەمەنی لە زیندانی سەقز بەسەر بردووە.
ڕەخنەكان ڕوو لە یەكێتین
هێزی ئەمنییو هەواڵگریی لە پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی ئەم زۆنە، حیزبینو سەربە یەكێتی نیشتیمانین، هەروەك چۆن لە هەولێرو دهۆك سەربە پارتی دیموكراتن، هەربۆیە هەر رووداوێكی ئەمنیی ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتو ڕەخنەكان ڕوو لەو حیزبانە دەبن.
بەدەر لەوەی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەو ناوچەی جێنفوزی ئەمنیی یەكێتی سنورێكی فراوانی وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، هاوكات یەكێتی بە ڕادەیەك لە ئێران نزیكە، زۆركەس ئەو وڵاتە وەك فریادڕەسی یەكێتی ناودەبن بۆ دەربازكردنی لەكاتی تەنگژەو قەیرانەكان، هەردوولا بەرژەوەندیی هاوبەشیان بەیەكەوە هەیە.
ڕێگەنەدان بە مانەوەی مستەفا سەلیمیو دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی قەزای پێنجوێنەوە، هەرزوو یەكێتی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند كردەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار وتی "یەكێتی لە ئاستی باڵادا سەرقاڵی بەدواداچوون بوون لەسەر ئەو ڕووداوە، بەتایبەت كاك كۆسرەتو قوباد تاڵەبانی، تەنانەت پەیوەندییان بە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە كردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەوبارەیەوە"، بەڵام تائێستا یەكێتی وەك حیزب هیچ ڕوونكردنەوەو هەڵوێستی فەرمیی پیشان نەداوە.
مستەفا سەلیمی ئەندامی هیچ كام لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبووە، سەرەتای كاری سیاسیی ئەندامی حیزبی دیموكرات بووە، بەڵام بەرلەوەی لە ساڵی 2003 دەستگیر بكرێت، لەو حیزبە جیابووەتەوە.
دەقی گفتوگۆی درەو میدیا لەگەڵ فاتیمە سەلیمی