پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە پۆستەکەی و عەلی عەلاق پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی بانکەکە بە وەکالەت.
سوودانی ھەروەھا بڕیاریدا بە خانەنشینکردنی سالم چەلەبی بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراقی و کەسێکی دیکەی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی بانکەکە بە وەکالەت.
ئەو بڕیارانەی سوودانی پەیوەندیی بە ناسەقامگیریی بازاڕی دراوەوە ھەیە کە زیاتر لە مانگێکە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوەو نرخی ١٠٠ دۆلار نزیکبووەوە لە ١٧٠ ھەزار دینار، بانکی ناوەندیی چەندجارێک ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆخە کاتییەو چارەسەر دەبێت، بەڵام ھێشتا نەیتوانیوە بەھای دینار بەرزبکاتەوەو سەقامگیریی بۆ بازاڕ بگەڕێنێتەوە، ئەوەش حکومەتەکەی سوودانی ڕوبەڕوی ڕەخنە کردووەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دوێنێش ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەركرد. گرنگترین بڕیاریان كردنەوەی دەرگایەكی نوێیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانە بچووكەكان لە ڕێگەی بانكی بازرگانیی عێراقییەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكانی عێراق تایبەت بە هۆكارەكانی گۆڕانكاریی نرخی دراوی بیانی كۆبووەتەوە، تێیدا لەسەر ڕاسپاردەكانی سەرۆكوەزیران چەند بڕیارێك دراون بۆ "سەقامگیركردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو".
بڕیاری یەكەم "كردنەوەی ڕێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە بازرگانە بچووكەكان"ـە، ئەویش لە ڕێگەی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI)ـەوە.
بەپێی بڕیارێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، بانكی ناوەندیی عێراق گوژمەیەك بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دەداتە بانكی بازرگانیی عێراقی بەمەبەستی كردنەوەی پشتبەستن بە تاپۆ بۆ بازرگانە بچووكەكان، ئەویش تەنیا بە ڕێگەی پسووڵەی سەرەتایی و كردنەوەی هەژمارێك لەلایەن ئەو كەسەی كە سوودمەند دەبێت لێی.
هەروەها بڕیار دراوە دەست بكرێت بە هاوردەكردنی كەلوپەلەكانی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لەلایەن فەرمانگەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵەوە، بە هەموو جۆرەكانی كۆمپانیا و كارگە تۆماركراوەكان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بە هەموو جۆرەكانیەوە كە مۆڵەتیان هەیە.
بڕیاریش دراوە كە لەمەودوا ژوورە بازرگانییەكان و یەكێتیی پیشەسازییەكان و نوێنەرانی كەرتی تایبەت، لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا بەشدار بن.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری هەفتانە بە بەشداریی فەرمانگەی تۆماركردنی زەوییەكان و تۆماری كۆمپانیاكان و گەشەپێدانی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و بانكی ڕافیدەین و بانكی ڕەشید بەڕێوە دەچێت. ئەنجوومەنەكە بەدواداچوون بۆ پێشكەوتنەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، محەمەد شیاع سوودانی وتوویەتی "ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی بازاڕی ناوخۆیی، بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە و كارێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە، پێویستە لەسەر هەمووان لە كەرتی تایبەت یان كەرتی گشتی بن، پاڵپشتیی بكەن".