سوودانی ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەركرد

22-01-2023 09:36

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەركرد. گرنگترین بڕیاریان كردنەوەی دەرگایەكی نوێیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانە بچووكەكان لە ‌ڕێگەی بانكی بازرگانیی عێراقییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لەگەڵ ژوورە بازرگانییەكانی عێراق تایبەت بە ‌هۆكارەكانی گۆڕانكاریی نرخی دراوی بیانی كۆبووەتەوە، تێیدا لەسەر ڕاسپاردەكانی سەرۆكوەزیران چەند بڕیارێك دراون بۆ ‌"سەقامگیركردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو".

بڕیاری یەكەم "كردنەوەی ڕێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە بازرگانە بچووكەكان"ـە، ئەویش لە ‌ڕێگەی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI)ـەوە.

بەپێی بڕیارێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، بانكی ناوەندیی عێراق گوژمەیەك بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دەداتە ‌بانكی بازرگانیی عێراقی بەمەبەستی كردنەوەی پشتبەستن بە تاپۆ بۆ بازرگانە بچووكەكان، ئەویش تەنیا بە ‌ڕێگەی پسووڵەی سەرەتایی و كردنەوەی هەژمارێك ‌لەلایەن ئەو كەسەی كە ‌سوودمەند دەبێت لێی.

هەروەها بڕیار دراوە دەست بكرێت بە هاوردەكردنی كەلوپەلەكانی كۆمپانیا‌ تۆماركراوەكان لەلایەن فەرمانگەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵەوە، بە ‌هەموو جۆرەكانی كۆمپانیا و كارگە تۆماركراوەكان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بە هەموو جۆرەكانیەوە كە ‌مۆڵەتیان هەیە.

بڕیاریش دراوە كە لەمەودوا ژوورە بازرگانییەكان و یەكێتیی پیشەسازییەكان و نوێنەرانی كەرتی تایبەت، لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا بەشدار بن.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری هەفتانە بە بەشداریی فەرمانگەی تۆماركردنی زەوییەكان و تۆماری كۆمپانیا‌كان و گەشەپێدانی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و بانكی ڕافیدەین و بانكی ڕەشید بەڕێوە دەچێت. ئەنجوومەنەكە بەدواداچوون بۆ پێشكەوتنەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكات.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، محەمەد شیاع سوودانی وتوویەتی "ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی بازاڕی ناوخۆیی، بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە و كارێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە، پێویستە لەسەر هەمووان لە كەرتی تایبەت یان كەرتی گشتی بن، پاڵپشتیی بكەن".