پەرەگراف دوو بڕیارەکەی دادگای هەولێر تەمیز دەکاتەوە کە داوایاساییەکانی لەسەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ڕەتکردەوە
پەرەگراف
پەرەگراف ئەو دوو بڕیارەی دادگای بەرایی هەولێری تەمیزکردەوە کە تێیاندا ئەو داوایاساییانە ڕەتکرانەوە کە لەسەر هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تۆمار کرابوون بەهۆی پێنەدانی زانیاریی بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی.
لە نووسراوی تەمیزکردنەوەکەدا کارزان فازڵ پارێزەری سەرنووسەری پەرەگراف، بە چەند خاڵێک بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێری ڕونکردووەتەوە کە بڕیارەکەی دادگای هەولێر "نایاساییەو هەڵەی بابەتیی و ناهەقیی زۆری تێدایە" کە پێچەوانەی یاسای دادبینی شارستانی و یاسای مافی دەسکەوتنی زانیارییە.
پارێزەری پەرەگراف داوای لە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر کردووە، وردبینی لە داوایاساییەکان و بڕیارەکەی دادگای بەرایی هەولێر بکات و بەپێی یاسای دادبینی شارستانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بڕیارەکەی دادگای هەولێر هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بە چەند پاساوێکی "زۆر لاواز کە پێچەوانەی ڕۆحی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیارین" دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگرافی لە ڕووی شکڵییەوە ڕەتکردەوە کە پێنج مانگ لەمەوبەر لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆماری کردبوون.
داوایاساییەکان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی و بەهۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو وردەکاریی خەرجیی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت تۆمارکرابوون، بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەکاتێکدایە، بەپێی هەمان یاساو بە هەمان شکڵ و ناوەڕۆک سەرنووسەری پەرەگراف لە مانگی ١١ی ٢٠٢٢ داوایەکی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بردەوە لە دادگای سلێمانی، سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی تەمیز کردووەتەوەو هێشتا بڕیاری تەمیزیی دەرنەچووە.
کارزان فازڵ لە ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لە دۆسیەکاندا، دوای بڕیارەکانی دادگای هەولێر وتی، "خۆزگە بڕیارەکەی قوڵتر و بڕواپێهێنەربوایەو بەرچاوڕوونی بداینایەتێ و لە بەرژەوەندیی ناوەڕۆکی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی بوایە، هەربۆیە تانە لە هەردوو بڕیارەکە دەدەین و هیوادارین دادگای پێداچوونەوە ڕاستی بکاتەوە".