دۆلار بە بەرزیی ماوەتەوەو هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بەردەوامە کە یاریی بە بەهای دراو دەکەن
پەرەگراف
نرخی دۆلار بە بەرزیی ماوەتەوەو لە بەغداش هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بەردەوامە کە یاریی بە بەهای دراو دەکەن و بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندییەوە کاردەکەن.
لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش ١٠٠ دۆلار بە زیاتر لە ١٦٤ هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، ئەوە لەکاتێکدایە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی بەردەوامن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بەڵام تائێستا کاریگەرییان لەسەر بازاڕ نەبووە.
بەڕێوەبەڕایتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوار کەسیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دۆلارو سەرپێچی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی، ئەوەش دوای ئەوەدێت پێشتر چەند نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغداد بە هەمان هۆکار داخران و چەند کەسێکی دیکەش دەستگیرکران.
زیاتر لە مانگێکە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ناجێگیریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە بانکی ناوەندیی و حکومەتی عێراق بەردەوام دەڵێن ئەو دۆخە کاتییەو بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی گرتوویانەتەبەر کاریگەرییان نەبووە.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند، پاڵپشتیی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوو بگەڕێنێتەوە.
سوودانی وتی، کاریان کردووە بۆ جێگیربوونی بەھای دینار بەرامبەر دۆلارو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵێك بڕیاری بوێرانەیان داوە بۆ پاڵپشتیكردن لە دیناری عێراقیو سەقامگیرییەكەی، هۆشداری دەدەین بەوانەی دەیانەوێت قەیرانەكە بقۆزنەوەو یاری بە پێداویستییەكانی خەڵك دەكەن.
"بەهای دراو بەهۆی بڕیارێكی حكومییەوە بەرزنەبوەتەوە، بەڵكو بەهۆی ئەوەوە دروستبووە كەسانێك هەن بارودۆخە كاتییەكەو ئەو گێژاوەی ناو بازاڕەكانیان قۆستووەتەوە كە هێشتا ئاشنای مەمەڵەكردن نین لەگەڵ میكانیزمە بانكییە نوێیەكان، میكانیزمە بانكییەكان پارێزگاری لەپارەكان دەكەنو هەنگاوێكی گرنگن لە رێگای چاكسازی ئابوریدا" سوودانی وای وت.
ئەوە لەکاتێکدایە بەھای دۆلار ھەفتەی ڕابردوو بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەوەو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٦٧ ھەزار دینار.
مانگی ڕابردوو بەهای دۆلار بۆ یەکەمجار گەیشتە ١٦٠ هەزار دینارو ماوەیەکی کورت لەو نرخەدا مایەوەو پاشان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، زۆرێک لە شارەزایان پێشبینییان دەکرد دوای پشووەکانی سەری ساڵ بەهای دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠دۆلارێک، بەڵام پێشبینییەکان وادەرنەچوون ئەوەش بازاڕی ناسەقامگیرو خەڵکی نیگەران کردووە.