گۆڕان بۆ نوێنەرەكانی لە حكومەتی خۆجێیی: پشت لە دەسەڵات و ڕوو لە خەڵك بن

21-01-2023 08:16

پەرەگراف

گۆڕان "دەستخۆشی" لە هەڵوێستەكانی زانا ڕەحمان، قائیقمامی پێنجوێن دەكات و داوا لە نوێنەرەكانی لە حكومەتی خۆجێیی دەكات كە "پشت لە دەسەڵات و ڕوو لە خەڵك بن".

ئەم داواكارییەی گۆڕان لە میانی كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە لەگەڵ نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا هاتووە.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ئەوەی كە لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لێ‌ كراوەتەوە، ڕایگەیاند "پێویستە نوێنەرەكانی گۆڕان پشتیان لە دەسەڵات و ڕوویان لە خەڵك بێت. روو لە خەڵك بوون، واتە لەناو خەڵكدا بوون و نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی داوا و خواستەكانی هاووڵاتیان".

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "سەرەڕای زیادبوونی دەستێوەردانی حیزبی لە كاروباری حكومەت، نوێنەرەكانی گۆڕان بەربەست بوون لەبەردەم بەشێك لە پێشێلكاری و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتدا".

وتەبێژەكەی گۆڕان، دانیشتوانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بە "شایستەی خزمەتگوزاریی باشتر و وەڵامدانەوەی زیاتری كاربەدەستان" ناو دەبات و دەشڵێت "ئەو بەدەمەوەچوونە ئەركی زیاتری بەرپرسانی گۆڕانە".

لە كۆبوونەوەكەی بەرپرسانی گۆڕان لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەكە لە حكومەتی خۆجێی، دەستخۆشی لە زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان كراوە، لەپای هەڵوێستەكانی سەبارەت بە ناڕەزایەتی و داواكاریی دانیشتووانی قەزاكە.

هەفتەی ڕابردوو دانیشتووانی قەزای پێنجوێن بۆ داواكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و پێدانی بەرمیلی دووەمی نەوت، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بۆ ماوەی چەند شەو و ڕۆژێك لەسەر شەقام مانەوە و ڕێگرییان لە جووڵەی بازرگانی بۆ دەروازەی سنووریی باشماخ كرد.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرەڕای چوونە ناو خۆپیشاندەران، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەیشی دا لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران لەلایەن بەرپرسانی حكومیی سەرووی خۆیەوە.

بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرەتا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ڕەت كرایەوە، پاش چاەرەسەری كێشەی كارەباكەش، خۆپیشاندەران دەستلەكاركێشانەوەكەیان ڕەت كردەوە و خۆیان چوونە بەردەم ماڵی زانا ڕەحمان و بردیانەوە بۆ قائیمقامیەتی پێنجوێن.