پەرەگراف
هاوپەیمانیی ژنانی كوردستان پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی وەرزیی خۆی، ڕایدەگەیەنێت جەخت لەسەر "هێنانەدیی كوردستانێكی پێشكەوتوو و دیموكراسی و مەدەنی" دەكاتەوە، كە تێیدا "یەكسانیی جێندەری فەراهەم بێت و مافە مەدەنییەكانی سەرجەم تاكەكانی پارێزراو بێت".
هاوپەیمانییەكە وەكوو خۆی دەڵێت "پێكهاتووە لە زۆربەی ڕێكخراوەكانی ژنانی كوردستان و چەندین ژنە چالاكوان و ئەكادیمی كە تایبەتمەندن لە بواری جیاوازدا"، لە ڕۆژانی 20-21ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی وەرزیی خۆی ئەنجام دا.
هاوپەیمانیی ژنانی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی وەرزیی خۆی بۆ میدیاكان خوێندەوە و "پاراستنی خێزان بە شێوازێك كە ماف و كەرامەتی تاكەكانی پارێزراو بێت، هەموو شێوازێكی توندووتیژی و جیاكاری دژ بە ژنان و كچان قەدەغە بێت"، بە ئامانجێكی دیكەی خۆی ناو برد.
هاوپەیمانییەكە كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كار لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە ژنان دەكات، ماوەی دوو ساڵ ئامادەكاریی بۆ ڕێكخستنی خۆی كردووە و لە كۆتایی ساڵی 2021 ڕاگەیەندرا.
جەخت دەكاتەوە كە "بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ بەهێزكردنی دەنگی ژنان".