محەمەد شیاع سوودانی: پاڵپشتیی گەڕانەوەی نرخی دۆلار دەکەین بۆ نرخی پێشوو

21-01-2023 12:23

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پاڵپشتیی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوو بگەڕێنێتەوە.

محەمەد شیاع سوودانی لە وتارێکدا لە مەراسیمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم، باسی دۆخی دارایی و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاری کرد.

سوودانی وتی، کاریان کردووە بۆ جێگیربوونی بەھای دینار بەرامبەر دۆلارو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵێك بڕیاری بوێرانەیان داوە بۆ پاڵپشتیكردن لە دیناری عێراقی‌و سەقامگیرییەكەی، هۆشداری دەدەین بەوانەی دەیانەوێت قەیرانەكە بقۆزنەوە‌و یاری بە پێداویستییەكانی خەڵك دەكەن.

"بەهای دراو بەهۆی بڕیارێكی حكومییەوە بەرزنەبوەتەوە، بەڵكو بەهۆی ئەوەوە دروستبووە كەسانێك هەن بارودۆخە كاتییەكەو ئەو گێژاوەی ناو بازاڕەكانیان قۆستووەتەوە كە هێشتا ئاشنای مەمەڵەكردن نین لەگەڵ میكانیزمە بانكییە نوێیەكان، میكانیزمە بانكییەكان پارێزگاری لەپارەكان دەكەن‌و هەنگاوێكی گرنگن لە رێگای چاكسازی ئابوریدا" سوودانی وای وت.

ئەوە لەکاتێکدایە بەھای دۆلار ھەفتەی ڕابردوو بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەوەو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٦٧ ھەزار دینارو ئەمڕۆش بەزیاتر لە ١٦٥ ھەزار مامەڵەی پێوەکرا.

زیاتر لە مانگێکە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق ناجێگیریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە بانکی ناوەندیی و حکومەتی عێراق بەردەوام دەڵێن ئەو دۆخە کاتییەو بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی گرتوویانەتەبەر کاریگەرییان نەبووە.

مانگی ڕابردوو بەهای دۆلار بۆ یەکەمجار گەیشتە ١٦٠ هەزار دینارو ماوەیەکی کورت لەو نرخەدا مایەوەو پاشان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

زۆرێک لە شارەزایان پێشبینییان دەکرد دوای پشووەکانی سەری ساڵ بەهای دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠دۆلارێک، بەڵام پێشبینییەکان وادەرنەچوون ئەوەش بازاڕی ناسەقامگیرو خەڵکی نیگەران کردووە.