پەرەگراف
مەسروور بارزانی دۆسیەی كوژرانی هاوكار جاف بە "گرێكوێرە"ی كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی ناو دەبات و داوا لە تیمی یەكێتی لە حكومەت دەكات كە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم "بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی كە هەن".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "پێم سەیرە برادەرانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن و نایەن، هەموو ئەندامان و بەشداربووانی ئەم حكومەتە ئەگەر گرفت یان ڕەخنە یان قسەیان هەیە، پێویستە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران قسەكانی خۆیان بكەن".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا قسەی بۆ میدیاكان كرد و وتیشی "دوای ئەوەی كە هاوكار جاف لە هەولێر شەهید كرا و ئێمە داوامان كردووە كە تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بكرێن، كێشەكە گەورە كرا، ئەمە گرێكوێرەكەیە".
مەسروور بارزانی سەبارەت دانوستانەكانیش لەگەڵ بەغداد ڕایگەیاند، لەسەر كۆمەڵێك بابەت قسەی زۆر كراوە و پێشتریش ڕێككەوتنێكی سیاسییان لەگەڵ حكومەتی ئێستا كردووە. وتیشی "بەردەوام دەبین لە چوون بۆ بەغداد".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم پاڵپشتیی كابینەكەی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دواخراوی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا ڕاگەیاند و وتی "ئەوەی لەسەر حكومەتە دابینكردنی پێداویستییەكانە، ئێمە ئامادەین ئەوە بكەین".