پەرەگراف
مەكتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە چارەسەری كێشە و گرژییەكان لەگەڵ یەكێتی دەكاتەوە "بەگوێرەی پرەنسیپ و ماددەكانی ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداری"ی نێوانیان. سەبارەت بە هەڵبژاردنیش پاڵپشتی لە چەسپاندنی "چوار بازنەیی و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن" دەكات، بەڵام سەبارەت بە كەمكردنەوە و دەستكاریكردنی شێوازی دابەشكردنی كورسیی كەمینەكان كە داواكاریی حیزبەكانی دیكەیە، پارتی هیچ ڕەزامەندییەكی نیشان نەداوە.
ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی كۆبووەتەوە و سەبارەت بە ژمارەیەك پرس گفتوگۆی كردووە و هەڵوێستی ڕاگەیاندووە. سەبارەت بە كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی دەڵێت "ئێستایش دووبارەی دەكەینەوە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ و چارەسەركردنی گرفتەكان".
سەبارەت بە كێشەكانی تیمی یەكێتیش لەناو حكومەت، مەكتەبی سیاسیی پارتی پاڵپشتیی بۆ مەسروور بارزانی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "ڕێگای چارەسەری كێشەكان بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لە كۆبوونەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، نەك خۆ پەراوێزخستن و بەكارهێنانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن".
دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی:
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ مەكتەبی سیاسیی پارتیمان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و حكومی (ئیداری)ەكان لە هەرێم و ناوچەكەدا، لەم كۆبونەوەیەدا پارتیمان جەختی لە چارەسەری كێشە و گرژیەكانی كە هەن لە پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردەوە بەگوێرەی پرەنسیپ و ماددەكانی رێككەوتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت كە بەڕەزامەندی هەردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون.
لە كۆبوونەوەدا ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا:
یەكەم/ تەوەری ناوخۆی كوردستان: پارتیمان لە ڕوانگەی پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بەخوێن و خەبات بەدەست هاتوون و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی بێوچان لەپێناو ماف و ئامانجەڕەواكانماندا، هەروەها لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی هاوڵاتیان، هەمیشە كۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانی بەڕێگای دروست و راست زانیوە، هەروەها لەڕوانگەی باوەڕبوون بە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، هەوڵی دروستكردنی پردی پەیوەندی و پێكەوە كاركردن و متمانە دروستكردنی داوە.
بۆ ئەم مەبەستە و بە پڕاكتیككردنی ئەم باوەڕ و تێگەیشتنەمان و، بۆ یەكڕیزی گەلی كوردستان بەرانبەر ئاڵەنگاری و گرفتەكان و جێبەجێكردنی بڕیاری كۆنگرەی ١٤ی پارتیمان و بڕیاری سەرۆك مەسعود بارزانی، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێمان لە پەیوەندیەكانماندا راگەیاند، بۆیە لێرەوە هەر وەك پێشتریش دەستپێشخەریمان كردوە بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لە وەڵامی بروسكەشیان بەڕوونی ئاماژەمان پێداوە كە هەبوونی تێبینی و گرفت بە بروسكە یان باسكردن لە ڕاگەیاندن چارەناكرێت، بەڵكو ڕێگای سیاسی و مەدەنیانە كۆبوونەوەی دووقۆڵی و باسكردن و مناقەشەكردنی تەواوی تێبینی و گرفتەكانمانە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئێستایش دووبارەی دەكەینەوە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ و چارەسەركردنی گرفتەكان، هەر ئەمەش بەڕێگایەكی دروست و هاوچەرخ دەزانین كە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و تەواوی لایەنه سیاسییەكانی كوردستان دەستدەكەین بە گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە.
دووەم/ تەوەری حكومەت: هەروەك لە خاڵی (٤)ەمی رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان پارتیمان و یەكێتی ـدا هاتووە، دەبوو هەردوولامان پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین لە هەموو روویەكەوە، بەداخەوە نەك پشتیوانی حكومەت نەكرا، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر ئاستەنگی بۆ دروستكرا و ئیستایش كێشە و گرفتەكان بەشێوەیەك نیشانی هاوڵاتیانی كوردستان دەدرێن كە گوایە ئەم بابەتانە لەگەڵ شەخسی بەڕێز سەرۆكی حكومەتە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئێمە دژی بە شەخسەنەكردنی كێشەكانین و ئەم جۆرە هەوڵانە ڕەتدەكەینەوه. سەرۆكی حكومەت بەگوێرەی ماددە و بڕگەكانی رێككەوتنی سیاسی و ئیداری، هەروەها كارنامەی كابینەی نۆیەم ڕەفتاریكردوە، ئەم هەوڵانەیان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم كەموكوڕیانەیە كە دروستیدەكەن و ڕێگا لە چاكسازی و شەفافیەت دەگیرێ، بۆیە رایدەگەیەنین كە ئەم جۆرە ڕەفتار و مامەڵەكردنە لە كاروباری حكومەت خۆدزینەوەیە لە ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداری و كارنامەی كابینەی نۆیەم كە هەرسێكیان بەهاوبەشی و بە پەسندی هەردوولامان ئامادەكراون و ئیمزاكراون.
شایەنی باسە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەتەواوی توانا پاڵپشتی هەڤاڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەكەی دەكات و، رێگای چارەسەری كێشەكان بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لە كۆبوونەكانی ئەنجوومەنی وەزیران نەك خۆ پەراوێزخستن و بەكارهێنانی دەزگاكانی راگەیاندن.
سێیەم/ تەوەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: زۆر هەوڵماندا، پڕۆژەمان ئامادەكرد و پێشكەشمانكرد لەو كۆبونەوە هاوبەشەنەی كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم پێكیدەهێنا و سەرپەرشتی دەكردن، هەروەها لەو كۆبونەوانەش كە نوێنەری UNبەشداردەبوو، بەڵام بەداخەوە دواجار لەڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم بژاردەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان پەسەندكرد، ئێستایش مەكتەبی سیاسی جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت چیدی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەكانی پەكنەخرێ و لە زووترین كاتدا كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامبدات و ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر:
-هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەولەویەتی پێبدرێت لەگەڵ چەسپاندنی بابەتی چوار بارزنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
-هاوتەریب لەگەڵ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارابكرێتەوە و پۆستە فەڕاغەكانی نێو كۆمسیۆن پڕبكرێنەوە.
-داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین پێداویستییە ئیدارییەكان و بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردن لەم ساڵدا دابین بكات.
-داوا لە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بەگوێرەی رێككارە یاساییەكان رۆژی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەستنیشان بكات.
-هەروەها داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین پاڵپشت بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2023 لەو وادە یاساییەدا كە دیاریدەكرێت.
چوارەم/ سەبارەت بە حكومەتی فیدڕاڵ و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد: ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ دروستكردنی پەیوەندی دروست و ئاساین لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بەگوێرەی ماددە و بڕگەكانی دەستوور بۆ چارەسەری هەموو كێشە و گرفتەكان كە ئێستا هەن یا دێنەپێش لەڕووی یاسایی و سیاسی و شایستە داراییەكانەوە، پێمانوایە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان و ئەم ڕێبازە خزمەتی زیاتر بە تەواوی گەلانی عێراق بەشێوەیەكی گشتی دەكات و سەرجەم بابەتەكان لە ڕێككەوتنی سیاسیی ئیدارەی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی حكومەتی فیدراڵ بەڕوونی ئاماژەیان پێكراوە و چەسپێندراون، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئیلتیزام بەم رێككەوتنانە بكرێ و بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەكۆتاییدا بە دانەواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هێنرا.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان