توركیا ئێسقانی كوڕە كوژراوەكەی بە پۆستەدا ناردەوە بۆ ئەم دایكە كوردە

11-04-2020 12:55
دایكی ئێسقانەكانی عەگیدی كوڕی لە باوەشدایە


پەرەگراف

سێ ساڵ لەمەوبەر عەگید ئیپەك گەریلای پەكەكە لە شەڕێك لەگەڵ سەربازانی توركیا لە شاری دەرسیم لە باكوری كوردستان كوژرا، دەوڵەت ئامادە نەبوو تەرمەكەی بداتەوە بە كەسوكارەكەی، بنەماڵەی عەگید بەتایبەت دایكی ئۆقرەیان لێ بڕابوو تا لانیكەم تەرمی كوڕەكەیان وەربگرنەوەو بە شكۆوە بینێژن.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هەوڵ‌و تەقەلایاندا، پارێزەری تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كرد، بەڵام هەوڵەكان ئەنجامیان نەبوو، تا دەوڵەتی توركیا خۆی ئێسقانەكانی عەگیدی پێچایەوەو لە سندوقێكی پۆستەدا ناردیەوە بۆ دایكی، ئەویش تووند لە ئامێزی گرت.

وێنەی خالیدە ئاكسۆی، دایكی عەگید كە سندوقی ئێسقانەكانی لە باوەشدایە، هەستی زۆر كەسی هەژاند‌و ڕەخنەی تووندو سەركۆنەی ڕوبەڕوی توركیا كردەوە.

خالیدە قسەی بۆ ماڵپەڕی ئێڤرینسەل كردووەو باس لەوە دەكات، ساڵی 2017 كوڕەكەی لە دەرسیم كوژراوەو داوایان كردووە تەرمەكەییان بدەنەوە، بەڵام هیچیان دەست نەكەوتووە، "دوای ماوەیەك پەیوەندییان پێوەكردین‌و گوتیان ئامانەتێكتان لای ئێمەیە، ئێمەش لە ڕێی پارێزەرەكەمانەوە بەدەمیانەوە چووین، پاشان داوای نمونەیان لێ كردین بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی، نمونەكەمان دانێ، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبوو".

دوای بەسەربردنی ماوەیەكی دیكە لە چاوەڕوانیی، جارێكی دیكە لایەنە ئەمنییەكانی توركیا پەیوەندیی بە خێزانی عەگیدەوە دەكەنەوە، "وتیان دۆسیەیەكتان هەیە، وتمان چییە؟ وتیان شتێكی نهێنییەو وەرن لە نزیكەوە پێتان دەڵێین، ڕۆیشتین، ئەمجارەش تەرمەكە ئەوە نەبووە كە ئێمە داوامان كردووەو تەرمی كوڕەكەی ئێمە نەبوو".

پاش ماوەیەكی دیكە لە بێدەنگیی‌و بێ سۆراخیی تەرمی عەگیدو چاوەڕوانیی كەسوكارەكەی، پەیوەندییەكی دیكە بە خێزانی عەگیدەوە دەكرێتەوە، ئەمجارە لایەنە ئەمنییەكان پێیان دەڵێن"ئامانەتەكەتان لای ئێمەیەو بڕۆن بۆ دادگا بۆ وەرگرتنەوەی".

كاتێك خالیدەی دایكی‌و كەسوكارەكەی دەچینە دادگا لە بەشی ئامانەتەكان پۆستەیەكیان پێ دەدەن كە بۆ ئەوان نێردراوە، دایكی عەگید دەڵێت "لەناو پاكەتی پۆستەكەدا ئێسقانەكانی گەنجە كوژراوەكەمانی تێدا بوو".

پۆستەكە ناونیشان‌و باركۆدی فەرمیی دەوڵەتی توركیای لەسەرە (پی تی تی PTT – پۆست‌و تەلەگرافی توركیا)، واتا لە دەوڵەتەوە نێردراوە بۆ خێزانی عەگید.