وتەبێژی حکومەت: ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی سلێمانی جێگای شەرمەزارییە
پەرەگراف
حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ھێرش و پەلاماردانی کچێکی گەنج لە ناوچەی ھوانەی شاری سلێمانی جێگای شەرمەزاریە، ھەروەک چۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕووداوێکی دیکەی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا، ئەم ڕووداوانە ھەرگیز مایەی قبوڵکردن نین.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت "حکومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ھەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان دەوەستێتەوە و پێویستە بە زووترین کاتیش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بگیرێتەبەر".
دوێنێ کۆمەڵێک کوڕی گەنج لە سلێمانی ھێرشیان کردەسەر کچێک، لێیاندا و ھوھالێکردن جنێوو قسەی ناشرینیان پێگوت، ڕووداوەکە لەگەڕەکی ھوانەی ڕوویدا، کچەکە چووەتە ئەو شوێنە بۆ سەریکردنی نمایشێکی ماتۆڕسواری، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ھێرشکردنەسەر ئەو کچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە 'جلێکی نیمچەڕووت'ی لەبەردایە.
ئەمڕۆش پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ١٦ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کەدەستیان لە ڕووداوەکەی هوانەدا هەبووە، کە تێیدا پەلاماری کچێک دراو توندوتیژی و سوکایەتیی پێکرا.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کچەکە تەمەنی ١٧ ساڵەو خەڵكی سلێمانییەو کوڕەکانیش خەڵکی سلێمانی و دانیشتوی ناوشارن.
کۆنگرەی رۆژنامەوانی پۆلیس