كۆمەڵەی كرێنشینان: وەبەرهێنەرانی سلێمانی پرۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی كرێنشنان وەرناگرن
پەرەگراف
سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان ڕەخنە و گلەیی ئاراستەی وەبەرهێنەرانی سلێمانی دەكات كە پرۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینانیان وەرنەگرتووە و دەڵێت "وەبەرهێنەرانی سلێمانی كە پارەیەكی زۆریان لەم وڵاتەدا پەیدا كردووە، دەیانتوانی بە هەموویان ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە وەربگرن، هەر لەبەر حورمەتی شارەكە و كرێنشینان".
بەرهەم قەرەداغی، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وتیشی "وەبەرهێنەكانی سلێمانی غیرەتیان نەبوو ئەو پێنج هەزار و 200 یەكەی نیشتەجێبوونەی سلێمانی وەربگرن كە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت دروست دەكرێت، تەنیا یەك وەبەرهێن ئامادەیی تێدا بووە وەری بگرێت، ئەویش لەوانەیە بكشێتەوە".
وەكوو سەرۆكی كۆمەڵەكە باسی كرد "هەموو ئەو وەبەرهێنانەی شاری سلێمانی كە سەروەت و سامان و زەویی ئەم وڵاتەیان داگیر كردووە، تێیاندا بووە سەرمایەكەی 700 هەزار دینار بووە، سەرمایەداری تێدا بووە بە تاكسی چووە بۆ وەرگرتنی پرۆژە، بەڵام كەسێكی حیزبیی باڵادەستی لەپشتەوە بووە بۆیە پرۆژەیان وەرگرتووە".
ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بڕیاری دا 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ كرێنشینان لە سەرتاسەری هەرێم دروست بكات، كە پێنج هەزار و 200 یەكەیان بەر سلێمانی كەوتووە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان وەرنەگرتنی پرۆژەی دروستكردنی ئەو یەكەی نیشتەجێبووانە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "شارەوانیی سلێمانی نەیتوانی زەوییەكی شیاو بۆ ئەو یەكانەی كرێنشینان دیاری بكات، تا ئێستا دوو پارچە زەوی دابین كراوە كە ئەویش وەهمییە، بە وتەی خۆیان یەكێكیان لە ڕێگەی تاسڵووجەیە، ئەوی دیكەشیان لە ڕێگەی تانجەرۆیە، ئەو شوێنانە بۆ كرێنشینان باش نییە".
سەبارەت بە پرۆژەكانی سیتەك و زڕگوێز كە نۆ هەزار و چوار یەكەی نیشتەجێبوونە و سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیە، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان وتی "1500 یەكەیان لە سیتەك و زڕگوێز و 1560 یەكەیان لە كەڵەوانانە. ئەم پرۆژانە لە ساڵی 2011ـەوە لەسەدا سەد تەواو بوون و لەسەدا 50ی خزمەتگوزاریشیان تەواو بووە".
وەكوو سەرۆكی كۆمەڵەكە ئاماژەی پێ كرد، چەندین جار داوایان كردووە ئەو بەشەی خزمەتگوزاریی پرۆژەكان كە پێویستی بە "78 ملیار دینار"ـە، لەلایەن حكومەتەوە تەواو بكرێت، بەڵام خەرج نەكراوە. ئەوەیشی بە "سزادانی شاری سلێمانی" ناو برد.
بەرهەم قەرەداغی باسی لە زیادكردنی كرێی خانوویش كرد، لەبەر ئەوەی كە حكومەت بڕیاری داوە "هەر خاوەن خانوویەك كە خانوو بە كرێ دەدات، دەبێت ئەستۆپاكی بكات، واتە پارەی ئاو و كارەبا و زەریبە بدات"، ئەمەش وای كردووە كرێی خانوو زیاد بكرێت.
"هۆكارێكی دیكەی گرانبوونی كرێی خانوو ئەوەیە كە ملیۆنێك و 32 هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستاندا هەن و 30 هەزار منداڵیان لەدایك بووە، 682 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون كراوە بەناوی عەرەبەوە و ئێستا لەسەدا 21ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن"، بەرهەم قەرەداغی وا دەڵێت.
سەرۆكی كۆمەڵەكە ئەو ڕێژە زۆرەی دانیشتوانی هەرێم كە عەرەب پێكی دەهێنن، بە "مەترسی" ناو دەبات و دەڵێت "ڕاستە بەپێی یاسا دەتوانن یەكەی نیشتەجێبوون بكڕن، بەڵام بەو شێوازە زۆرە نا كە هێشتا خۆمان نەمان توانیوە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان دابین بكەین".