بانكی ناوەندی ڕێكارێكی نوێی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار گرتە بەر

28-12-2022 08:03

پەرەگراف

بانكی ناوەندیی عێراق لە پشووی سەری ساڵدا ئاسانكاریی دەستكەوتنی دۆلار بۆ ئەو كەسانە دەكات كە گەشتی دەرەوە دەكەن بە تایبەت بەمەبەستی گەشتیاری، خوێندن و چارەسەر، لە سبەینێوە ڕێكارەكە جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوەش هەوڵێكی دیكەیە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار كە هەفتەیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو لە بەرانبەر دۆلار دابەزیوە.

ئەمڕۆ 28-12-2022، بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند "ئاسانكاری كراوە لە ڕێوشوێنەكانی دەستگەیشتن بە دراوی دۆلار بۆ ئەو كەسانەی گەشت دەكەن، ئەوەش لە ڕێگەی زیادكردنی دەروازەكانی فرۆشتنی نەختینەیی دراوی دۆلار لە ڕێگەی زیادكردنی پشكی دەروازەی بانكەكان".

بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەش كردووە، هاوكات دەروازەی بانكەكان فراوانتر دەكرێن و فەرمانبەرانی بانكی ناوەندی بەدواداچوون بۆ ئەدایان دەكەن، تا پاڵپشتیی هەوڵی بانكەكان بكەن بۆ ئەوەی كڕیاران بەشێوەیەكی ئاسان بەدەستیان بە دۆلار بگات.

بانكی ناوەندیی عێراق خشتەی ناوی لقی ئەو بانكانەی بڵاو كردووەتەوە كە هاووڵاتیان دەتوانن لە سبەینێ‌ 29-12-2022 و ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ (هەینی، شەممە و یەكشەممە) و ڕۆژانی دواتریش دۆلاریان لێ‌ بكڕن.

ئەم هەنگاوەی بانكی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی ڕێكارەكانیدایە بۆ جێگیركردنی بەهای دینار كە شێوەیەكی بەرچاو لە بەرانبەر دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

ئیحسان یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە "بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردووەوە چەند ڕێوشوێنێكی گرتووەتە بەر بۆ دابینكردنی دراوی بیانیی دۆلار، كە بەهۆیانەوە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی ناوخۆدا دابەزینی بەخۆیەوە بینوە".

ئەو ڕاوێژكارەی بانكی ناوەندی دەشڵێت، ڕێنمایی دراوەتە ئەو بانكانەی كە پشكی دۆلاریان بۆ زیاد دەكرێت، كە لە ڕۆژانی پشووی فەرمیشدا كار بكەن، تا دۆلار بەو كەسانە بفرۆشن كە بۆ سەفەری "گەشتیاری، خوێندن و چارەسەر" پێویستیان بە دۆلارە.

ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان، بەهای 100 دۆلار لە 156 هەزا ر و 500 دینارەوە دەستی پێ‌ كرد و لە كاتی داخستنی بازاڕەكان بۆ 153 هەزار دینار دابەزی.