وەزارەتی ناوخۆ: چەكەكانتان تۆمار بكەن، حكومەت لێتان ناسەنێت

28-12-2022 02:59

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەكات چەكەكانیان لەو بنكانە تۆمار بكەن كە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیای كراون و دەڵێت "حكومەت چەكەكانتان لێ‌ ناسەنێت، لەگەڵ خۆتان دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە".

وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان كە هەر كەسێك چەكی ئاگرین (دەمانچە و كلاشینكۆف)ی لە ماڵەوە هەیە و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان نییە، لە دوای پشووی سەری ساڵ "بە زووترین كات" سەردانی یەكێك لە بنكەكانی تۆماركردنی چەك بكات، بە پێچەوانەوە "وەكوو چەكی یاساغ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".

تۆماركردنی چەك یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی یاسای چەكی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ـە، كە یەك ساڵی دیاری كردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. پرۆسەكە لە مانگی تەمووزی 2022 دەستی پێ‌ كردووە و لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت.

"كاتێك چەكەكەت تۆمار دەكەیت، حكومەت لێت ناسەنێت، بەڵكوو لەگەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. مافی دەرهێنان و هەڵگرتنت نییە تا مۆڵەتی چەكهەڵگرتن بەدەست نەهێنیت، ئەگەر تەنیا لە ماڵەوە بیپارێزی و نەیبەیتە دەرەوە، ڕووبەرووی هیچ لێپرسینەوەیەك نابیت"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

* ئاسانیی دەستکەوتنی چەك؛ چیرۆكەكانی مەرگ زیاد دەكات

ڕۆژی 24-7-2022، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێنماییەكی بۆ "داماڵینی چەكی جەنگی و تۆماركردنی چەكی ئاگرین" دەركرد. بەپێی ڕێنماییەكە سەرجەم ئەو چەك و تەقەمەنییانەی كە لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، لە هاووڵاتیان وەردەگیرێنەوە. چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچە لە چوارچێوەی چەكی ئاگریندا پۆلێن كراون و بە مەرج ڕێگە دەدرێت لە دەستی خەڵكدا بن.

بەپێی ڕێنماییەكە، بۆ داماڵینی چەكی جەنگی چەند ڕێكارێك دەگیرێنە بەر، لەوانە: كردنەوەی 12 بنكەی كۆكردنەوەی چەكی جەنگی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، دەبێت هاووڵاتیان چەكی جەنگی و تەقەمەنییەكانیان ڕادەستی ئەو بنكانە بكەن.

لە قۆناغی دووەمدا وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش، 12 لیژنە پێك دەهێنێت بۆ وەرگرتنەوەی چەكی جەنگی لە هاووڵاتیان.

هەر بەپێی ڕێنماییەكە، چەكی ئاگرینی كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی كە قەبارەی فیشەكی (39 × 7,62م) زیاتر نەبێت و تەقەمەنییەكانیان، چەكی ئارگرین لە جۆری دەمانچە و تەقەمەنییەكانی كە قەبارەی فیشەكی (9م) زیاتر نەبێت، بە چەند ڕێكارێك تۆمار دەكرێن.

وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆماركردنی ئەو چەكانە، 40 بنكەی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كردووەتەوە و 40 لیژنەیش بۆ تۆماركردنیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش پێك هاتوون.

"چەكی تۆماركراو لە لای خاوەن چەك دەمێنێتەوە، بە مەرجێك بەڵننامە پڕ بكاتەوە كە چەكەكەی لە ماڵەوە یان لە شوێنێكی پارێزراو دابنێت، بە هیچ شێوەیەك هەڵی نەگرێت، بەكاری نەهێنێت، نەیبەخشێت و نەیفرۆشێت"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت "دوای ماوەی یەك ساڵ لە بەركاربوونی ئەم ڕێنماییە، هەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت، هەڵگرەكەی یان خاوەنەكەی، بەپێی یاسای چەك ژمارە (2)ی ساڵی 2022، ڕەوانەی دادگا دەكرێت".

* بە پڕۆژەیاسای چەك؛ حكومەت ناكۆكی و گومان دەخاتە ناو پەرلەمانەوە

* چەكفرۆشتن؛ بازرگانییەكی نایاسایی بەبەرچاوی حكومەتەوە

 

  • ناو و شوێنى بنکەکانى تۆمارکردنى چەک