ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەركرد

27-12-2022 09:58

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، دیارترینیان ‏دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەستی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بوو كە ‏چەند ساڵە چاوەڕێن ڕاژەكانیان بكرێت بە هەمیشەیی.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە ‏كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە جگە لە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ، سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەستی ‏سەر بە وەزارەتی پەروەردەیش دابمەزرێندرێن.‏

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە سێ‌ هەزار و 193 فەرمانبەری گرێبەستی كۆمیسیۆنی باڵای ‏سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕاژەكانیان بكرێن بە هەمیشەیی، بڕیارەكە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە پێش ‏‏2-10-2019 گرێبەستیان لەگەڵ كراوە.‏‎ ‎

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریشی دا پلەی وەزیفی بۆ گرێبەستەكانی سەرجەم وەزارەتەكان ‏دابنرێت، بەو شێوەیەی لە یاسای ئاسایشی خۆراكدا هاتووە و لەناو پرۆژەیاسای بوودجەی 2023دا ‏جێگیر دەكرێت.‏

سەبارەت بەو كارمەندانەیش كە گرێبەستن لە كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەنجوومەنی ‏وەزیرانی عێراق ڕەزامەنیی نیشان دا كە وەزارەتی دارایی 11 هەزار و 31 پلەی وەزیفی دابنێت بۆ ‏كردن بە هەمیشەیی ئەو كارمەندانە. ئەو كارمەندانەیش كە بە كرێی ڕۆژانە لە وەزارەتی نەوت كار ‏دەكەن، دەكرێن گرێبەست.‏

هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا بەشەخۆراكی مانگانەی ‏بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ئەوانەی پلەیان بەرەو سەرترە، لەگەڵ ئەو كەسانەی مووچەكەیان لە ‏سەرووی دوو ملیۆن دینارەوەیە، ببڕدرێت.‏

لە ساڵی 1975ـەوە خەڵكێكی زۆر لە سنووری شنگال خانوویان بەناوەوە نەكراوە، بەهۆی ‏سیاسەتەكانی دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیشی نیشان ‏دا لەسەر بەناوكردنی خانوو و كۆمەڵگەكانی خانەسۆر، دووگرێ، بۆرك، كۆهبل، تەل قەسەب، تەل ‏عوزێر، سیپا شێخدری و كرزرك لە سنووری شنگال.‏