سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بانکی ناوەندی: ڕێگە مەدەن یاری بە نرخی دراو بکرێت لە بازاڕەکان

27-12-2022 03:44
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیدا کۆبووەوە و داوای لێکرد، بانکی ناوەندی رێگەنەدات لە بازاڕەکان یاری بە نرخی دراو بکرێت و رێکاری خێرا بگرێتەبەر بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕدا.

محەممەد شیاع سوودانى لەگەڵ مستەفا موخیف، پارێزگارى بانکى ناوەندى کۆبووەوە بۆ تاوتێکردنى دابەزینی بەهاى دینار بەرامبەر بەدۆلار،

بەپێی راگەیەندراوێکى نووسینگەکەی، سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا داوای کردووە رێوشوێنى پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەیاریکردنى نایاسایی بە بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار و هەموو کارێک کە ببێتەهۆى زیانگەیاندن بە بازاڕ و بەرزکردنەوەى نرخ.

سوودانى داواشیکردووە، هەنگاوەکان کارا بکرێن بۆ فرۆشتنى دراوى بیانى بە نرخى فەرمى بە هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنی وپەنجەرەى فرۆشتنى ئەو جۆرە دراوە بە گەشتیاران و ئەوانەى کە بە مەبەستى چارەسەرى تەندرستى سەردانى دەرەوە دەکەن یان بۆبازرگانى دەچنە دەرەوە.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى بانکی ناوەندیی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پێشهاتەکانى نزمبوونەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بەدۆلار.

بانکی ناوەندیی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەو دۆخەی دروستبووە بەھۆی ئەو گوشارە "کاتییانەن" کە هەن ئەوەش هۆکارى دەرەکى وناوخۆییان هەیە.

بانکی ناوەندیی جەخت دەکاتەوە، سەرجەم پێویستییەکانی بازرگانى دەرەکى لە حەواڵە بەشێوەیەکى تەواو و بە نرخى فەرمى 1470 دیناربۆ هەر دۆلارێک دابینکراوە، داواش لە بازرگانان دەکات راستەوخۆ پەیوەندى بە بانکەکانەوە بکەن و لە کڕینى دۆلار پەنا نەبەن بۆ نێوەندکار بۆ خۆلادان لە تێچووى زیادەى ناپێویست.  

بانکی ناوەندیی داوا لە بانکەکانیش دەکات بەرپرسیارێتى خۆیان جێبەجێ بکەن لە ئاسانکاریکردن بۆ رێوشوێنەکانى کڕیارانیان لە دۆلار وخێرا کردنیان بۆ گەرەنتیکردنى باشترین مامەڵەى بانکى بەکەمترین زیان، بەمەرجێک رێوشوێنە یاساییەکان لەبەرچاو بگرن.