بریكاری وەزارەتی كارەبا: ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سوتەمەنی دابین بكات، قەیرانی كارەبا نامێنێت

16-12-2022 07:23
كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا

پەرەگراف

بریكاری وەزارەتی كارەبا دەڵێت "ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سوتەمەنیمان بۆ دابین بكات و سووتەمەنیی تەواو بگاتە وێستگەكانی كارەبا، قەیرانی كارەبا نامێنێت، 24 كاتژمێر كارەبا دەبێت و پێویستمان بە موەلیدەش نابێت".

ئەم قسەیەی بریكاری وەزارەتی كارەبا لە كاتێكدایە، وەزیری كارەبا كە كەمال محەمەدە لە پشكی پارتی، لە ئێستادا وەزیری بەوەكالەتی سامانە سروشتییەكانیشە، واتە ئەو دوو وەزارەتەی پەیوەندییان بە كێشەكانی كارەباوە هەیە، یەك وەزیریان هەیە، بەڵام كێشەی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا هێشتا چارەسەر نەكراوە.

كامیل قەزاز، بریكاری وەزارەتی كارەبا، لە بەرنامەیەكی كەناڵی كەی ئێن ئێندا وتیشی "سلێمانی لەبەر ئەوەی لە هەموو شوێنەكان ساردترە، كاتژمێری بڕینی كارەبای زیاترە، بە پێچەوانەوە كاتژمێرەكانی بڕینی لە گەرمیان لە هەموو شوێنەكان كەمترە، چونكە زۆر پێویستیان بە گەرمكەرەوە نییە".

سەبارەت بەو شوێنانەش كە پێوەری زیرەكی كارەبایان نەبەستووە و دژی ئەو سیستەمە بوون، بریكاری وەزارەتی كارەبا دەڵێت "ئێستا یان چەند ساڵێكی تر بێت، دەبێت هەموو هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرە ببەستن".

لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی سەرما، خراپتر لە ساڵای ڕابردوو بڕی پێدانی كارەبای نیشتمانی زۆر كەم بووەتەوە، بە جۆرێك لە پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە تەنیا شەش كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە، لە كاتێكدا هاووڵاتیان چاوەڕێ‌ بوون بە هاتنی پێوەری زیرەك كە ئەمپێرەكانی پێدانی كارەبای بە ماڵان سنووردار كرد، كێشەی كارەبا تا ئاستێكی بەرچاو چارەسەر ببێت.