شەشەم دانیشتنی دادگا لەسەر داوا یاساییەکانی پەرەگراف لەدژی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو

15-12-2022 05:53

پەرەگراف

ئەمڕۆ شەشەم دانیشتنی دادبینی دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگراف کە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆماری کردوون، بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، لە دادگای ھەولێر بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکاندا سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف لەگەڵ پارێزەرانی ھەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەبوون.

پارێزەرانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت، ھەریەکەیان نووسراوێکیان پێشکەش بە دادگا کردو لە ڕووی شکڵییەوە داوایان لە دادگاکرد داواکان ڕەت بکاتەوە.

پاشان ئەندامی داواکاری گشتی بە نووسراوێک ڕای خۆی لەبارەی داواکان خستەڕوو، بە ھەمان شێوە بە چەند پاساوێک و لە ڕووی شکڵییەوە داوای لە دادگا کرد داوایاساییەکانی پەرەگراف ڕەت بکاتەوە.

دواتر سەرنووسەری پەرەگراف داوای مۆڵەتی لە دادگا کرد، تا وەڵامی نووسراو بۆ نووسراوەکەی پارێزەران و داواکاری گشتیی ئامادەبکات ولە دانیشتنی داھاتوودا پێشکەش بە دادگای بکات.

بۆ ئەو مەبەستە دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی ھەردوو دانیشتنەکە بۆ ٥-١-٢٠٢٣.

لەبارەی داوایاساییەکان

سەرنووسەری پەرەگراف مانگی 8ی ئەمساڵ داوای یاسایی لەسەر ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکرد بەھۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، ئەوەش دوای ئەوەی ناوەڕاستی ئەمساڵ لەڕێی ھۆشداریی دادنووسەوە داوای زانیارییەکانی کردو لەماوەی یاساییدا وەڵامی داواکان نەدرانەوە.

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێر.

ھاوکات لە ١٠-١١-٢٠٢٢دا داواکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دادگای سلێمانی لە بەرژەوەندی سەرنووسەری پەرەگراف یەکلابووەوەو دادوەربڕیاریدا بە "پابەندکردنی داوالەسەرکراو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای کارەکەی، بە پێدانی سەرجەم ئەو داتاو زانیارییانەی لەناوەڕۆکی هۆشدارییەکەدا هاتووەو ئەم بڕیارە قابیلی تانەلێدانە"، سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی تەمیز کردووەتەوە.