نرخی دۆلار لە بەیانیدا بەرز بووەوە و لە ئێوارەدا دابەزی؛ بانكی ناوەندی ڕێكاری گرتە بەر

15-12-2022 05:07

پەرەگراف

پاش هەڵكشانی بەرچاوی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بە تایبەت لەمڕۆدا، بانكی ناوەندیی عێراق نرخی هەر دۆلارێكی بە بڕی پێنج دینار كەم كردەوە. دەشڵێت خستنە بازاڕی دۆلار زیاتر دەكات.

ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی كوردستان لە 151 هەزار و 800 دینارەوە دەستی پێ‌ كرد، تا كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 152 هەزار و 650 دینار، بەڵام لە كاتی داخستنی بازاڕدا بۆ خوار 152 هەزار دابەزییەوە. 

هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، بانكی ناوەندیی عێراق نرخی هەر دۆلارێك كە بۆ سوود و مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراو بەكار دێت، لە 1470 دینارەوە بۆ 1465 دینار دابەزاند. هەروەها نرخی هەر دۆلارێكی بۆ مامەڵە و كاروباری دیكە لە 1460 دینارەوە بۆ 1455 دینار كەم كردەوە، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك دەكاتە 500 دینار.

بانكەكە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "یەكێك لەوانە دروستكردنی پێگەیەكی ئەلیكترۆنییە كە لە ڕێگەیەوە بانكەكان داواكاریی كڕینی دۆلار ئاراستەی بانكی ناوەندی دەكەن".

بانكی ناوەندیی عێراق دەشڵێت "چەند ڕێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ فراونكردنی خستنە بازاڕی دراوی بیانی، تاكوو پێداویستیی خەڵك بە دراوی بیانی پڕ بكرێتەوە".

سەبارەت بە دۆخی دراوی نەختینەیی دەوڵەتیش، بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت "بەراورد بە چەند دەیەی ڕابردوو، بە شێوەیەكی گشتی لە باشترین بارودۆخدایە".

پاش بەرزبوونەوەكەی بەیانیی ئەمڕۆی، ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی كوردستان بۆ 151 هەزار و 750 دینار دابەزییەوە.