پەرەگراف
ئەو پێنج چالاكوانەی شیلادزێ ئازاد كران كە سێ ڕۆژە بە بڕیاری دادگا ئازاد كراون، بەڵام ئاسایش ئازادی نەدەكردن بەهۆی لێوەرگرتنی "بەڵێننامەیەكی نایاسایی".
ئەو پێنج چالاكەی شیلادزێ بریتین لە؛ كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحموود ناجی، یوسف شەریف و ئەمجەد یوسف، ئەوان ڕۆژی 16-5-2022 بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان" سزای دووساڵ زیندانیكرنیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەو چالاكانە و كەسوكار و پارێزەرەكانیشیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەت كردەوە و وتیان "هیچ بەڵگەیەك بۆسەلماندنی ئەو تۆمەتانە لەبەردەمی دادگادا نەبووە".
تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەڵێت "دوای جەنگێكی دەروونیی زۆر و هێشتنەوەیان لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەبێ هیچ پاساوێك، هەر پێنچ چالاكوانەكەی شیلادزێ ئازاد كران".
پێنج چالاكەكەی شیلادزێ لە هەڵمەتی دوای خۆپیشاندانەكانی ئەو شارۆچكەیە لەگەڵ دەیان كەسی دیكە دەستگیر كران، دوای نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ مانەوە لە زیندانی ئاسایشدا، پاشان دادگایی كران.
هەرچەندە سێ ڕۆژە بڕیاری دادگا هەیە بۆ ئازادكردنی ئەو چالاكانە، بەڵام ئازاد نەكران بەپاساوی پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەك لە ئاسایش، پێشیر بەشدار حەسەن پارێزەری چالاكانی شیلادزێ بە پەرەگرافی وت "شتێكی نایاسایی و زۆر بێ مانایە، كە تێیدا بەڵێن لەو كەسانە وەردەگیرێت بەشداریی ناڕەزایی و خۆپیشاندان وگردبوونەوە و دژایەتیی حكومەت نەكەن".
دوێنێش تیمی پارێزەرانی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، ڕایگەیاند: ئەمە چ ویژدانێكە؟! كەسوكاری چالاكانی شیلادزێ لەبەر سەرمادا چاوەڕێی ڕۆڵەكانیانن و ئاسایشی هەولێر ئازادیان ناكات.
تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە بەیاننامەیەكدا گوتیان "پێنچ چالاكوانی شیلادزێ بە بڕیاری دادگا ئازاد كراون، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵە بە ناحەق لە زیندانن و ئێستاش ماوەی حوكمەكانیان تەواو كردووە، بەم سەرماوسۆڵە لە بەیانییەوە كەسوكاریان كە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە، لەبەردەم ئاسایشی گشتیی هەولێرن و لە چاوەڕوانیی ئازادكردنی ڕۆڵەكانیانن، بەڵام ئاسایش ئازادیان ناكەن، ئەمە چ ویژدانێكە؟!".
تیمی پارێزەران وتیشی "ئەم هێشتنەوەیان لە ئاسایش سەرپێچیی یاسایە"،و داوایان لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و نێردە دیبلۆماتییەكان كرد "بێنە دەنگ و ئەم زوڵمەی لەم پێنچ چالاكوانە دەكرێت، قبووڵی نەكەن و دەستبەجێ ئازاد بكرێن".