پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە بۆ سەرۆكایەتییەكانی عێراق دەربارەی 'پەلاماردان'ی جووتیارانی كورد لە داقوق

07-12-2022 08:48

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم نیگەرانی لەبارەی "پەلاماردانی جووتیارانی كورد لە سنووری داقوق" دەردەبڕێت و دەڵێت "كەسانی دەستڕۆیشتوو هەوڵی دەركردنی كورد و دەستبەسەرداگرتنی زەویەكانییان دەدەن".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندەكانی دارا و مەنسوور لە حەفتەغاری سنووری كەركووك، شەڕ لە نێوان جووتیارانی كورد و عەرەب ڕووی دا. تێیدا چەند جووتیارێكی كورد بریندار بوون.

جووتیارانی كورد دەڵێن، چەند ڕۆژێكە "عەرەبی هاوردە" هاتوونەتە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانیان و دەیانەوێت بیكێڵن، ئەوانیش ئەمڕۆ ڕێگرییان لەو كارە كردووە و بەو هۆیەوە شەڕ دروست بووە.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، چەند كاتژمێرێك پاش ڕووداوەكە پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "پەلاماردانی جووتیارانی كورد لە سنووری قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای كەركووك، مایەی ئەوپەڕی نیگەرانییە".

مەسروور بارزانی داوا لە سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات "بە پەلە كۆتایی بە پەلاماردان و دەستدرێژیكردنە سەر جووتیارانی كورد لە سنووری داقوق و ناوچەكانی دیكەی كەركووك بهێنن".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە "لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتووەوە بە شێوەیەكی نایاسایی هەوڵی دەركردنی كورد و دەستبەسەرداگرتنی زەویەكانیان" لە سنووری پارێزگای كەركووك دەدرێت.

"ئەم ڕەفتارانە دژی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و بڕگەكانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقن، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییانە دابنێن"، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.