بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ لایەنە هاوهەڵوێستەکان دژی حکومەتی هەرێم دەوەستینەوە و بڕیاری پێویست دەدەین
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ژیانی خەڵکی هەرێم لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات، هەر بۆیە لەگەڵلایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکان دژی حکومەتی هەرێم دەوەستنەوە و بڕیاری پێویست دەدەن.
ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لەمیانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەلەگەڵ ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق، کە لە دەباشان بەڕێوەچووە.
پەیجی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووک دەڵێت، ژیانی خەڵک و نەبوونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە هەرێم تەوەرێکی گفتوگۆکانیان بووە، بافڵ تاڵەبانی وتی "ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، هەموو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. هەر بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکانی تری هەرێم دژی دەوەستینەوە و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین".
ئەوە لەکاتێکدایە گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی وەزاری یەکێتی، بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە، بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت، واشنتن لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە دواین گرژییەکانی نێوان یەکێتی وپارتی.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە دەڵێت "ئێمە لە هەوڵداین بە هاوپەیمانەکانمان بڵێین کە یەکڕیزیمان ناوێت تەنها لە پێناوی یەکڕیزی، ئێمە دەمانەوێت ئێوە(پارتی و یەکێتی) پێکەوە هەماهەنگی بکەن لەبارەی چەند پرسێکی هەستیار کە نەک لەبەرژەوەندیی ئێمەدایە، لە بەرژەوەندیی ئێوەشدایە".
ئەو وتانەی بەرپرسە ئەمەریکییەکە لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدایە لەبارەی دواین گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەرییەکانی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و کەرتی نەوت و گاز و پێگەی کورد لە حکومەتی فیدراڵی عێراقدا.