پەرەگراف
پۆلیسی ئەڵمانیا لە ئۆپەراسیۆنێكی گەورەدا 25 كەسی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كودەتا دەستگیر كرد. وەزیری دادی ئەڵمانیا دەڵێت "ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی دژ بە تیرۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشی چەكداری بۆ سەر دامەزراوە دەستوورییەكانی وڵات بەڕێوە چووە".
لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هەڵمەتی پشكنین لە 130 بینا و خانوو بە بەشداریی زیاتر لە سێ هەزار پۆلیس بەڕێوە چووە.
ئەو كەسانە لە 11 ویلایەتی وڵاتەكە دستگیر كراون. لەناویاندا تۆمەتبارێك بە ناوی شازادە هاینریشی سیازدەیەم هەیە كە بە سەردەستەی گرووپەكە ناو براوە و پلانی كودەتاكەی داڕشتووە.
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت "دوو تۆمەتباریان لە نەمسا و ئیتاڵیا دەستگیر كراون".
ژمارەیەك كەسایەتیی سەربازیی پێشوو لەناو گرووپە دەستگیركراوەكەدان و میدیای ئەڵمانیا دەڵێت "پیلانیان دانابوو هێرش بكەنە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن".
ئەندامانی ئەو گرووپە كە مەزەندە كراوە ژمارەیان 50 كەس بێت، لە كەسانی ڕاستڕەوی توندڕەو پێكهاتوون و بە زووتنەوەی ڕیشسبورگێر (هاوڵاتیانی ڕیش) ناسراون. كە پلانیان داناوە بە هێرشكردنە سەر پەرلەمانی ئەڵمانیا، دەسەڵات لە وڵاتەكەدا بگرنە دەست.
بزووتنەوەی ڕیشسبورگێر (هاوڵاتیانی ڕیش)، پێشتر بە هۆكاری "كاری توندووتیژانە و تیۆریی پیلانگێڕیی ڕەگەزپەرستەكانەوە" لەژێر چاودێریدا بوون.
ئەندامانی ئەو گرووپە، كۆماری ئێستای ئەڵمانیایان قبووڵ نییە و دەیانەوێت سیستمێكی هاوشێوەی ئیمپراتیۆریەتی ئەڵمانیای ساڵی 1871 ناسراو بە ڕیشی دووەم بونیاد بنێن. سەركردە سەربازییەكانی پێشووی ئەڵمانیا ڕۆڵی گەورەیان لە گرووپەكەدا هەیە.
داواكاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەم گرووپە لە ساڵی پارەوە سەرقاڵی پلانداڕشتن بۆ "كودەتایەكی خوێناوی و گرتنە دەستی دەسەڵات". لەو ڕووانگەوە كە پێیان وا بووە لە ڕێگەی "سەربازی و نواندنی توندووتیژی بەرانبەر نوێنەرانی حكومەت، لەوانە كوشتن"، دەتوان بە ئامانجەكانیان بگەن.