سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داواکاریی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ پەسەند دەکات بۆ ڕاگرتنی مووچەکانیان
پەرەگراف
نەوەی نوێ ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو داواکارییەی پەسەند کردوون کە بۆ ڕاگرتنی مووچەو داخستنی حسابی بانکییەکانیان ئاڕاستەیان کردبوو.
مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەمڕۆ بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە سەردانی پەرلەمانی کردووەو پێیانگوتووە داواکارییەکەیان پەسەند کراوەو وێنەیەک لە نووسراوەکەیان پێداوە کە سەرۆکی پەرلەمانی واژۆی لەسەر کردووە.
بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، سێ پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ بایکۆتی کۆبوونەوەکاندا ڕایانگەیاند، لە دوای ٦-١١-٢٠٢٢ ناچنەوە پەرلەمان و مووچە وەرناگرن و "حەرامە".
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ داواشدەکات، پەرلەمان مووچەی ئەو پەرلەمانتارانەی دیکەش ڕابگرێت کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.
نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.
لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.
ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.