مەسرور بارزانی: لە داهاتوودا نەوت بەرەو کۆتایی دەچێت، دەبێت کشتوکاڵ بکەینە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات
پەرەگراف
مەسرور بارزانی جەخت لە پلانەکانی حکومەت دەکاتەوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، دەڵێت: نەوت لە داهاتوودا نامێنێت و دەبێت پشت بە کشتوکاڵ ببەستین.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڤیدیۆیەکی 12 خولەکیدا، باس لە نیگەرانیی جووتیارانی کوردستان دەکات بۆ ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەخاتەڕوو، داواش لە جوتیاران دەکات زیاتر وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن، بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، نەک تەنیا بۆ ناوخۆ بەڵکو بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوەش.
مەسرور بارزانی دەڵێت "هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە؟ راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتمان لەو کەرتەوە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمە دەبێ ئەو کاتە چی بکەین؟ دەبێ لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەینەوە کە مادام توانای ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵی وا لێبکەیت کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت؛ بۆ نایکەیت؟ من پێموایە تاوەکو ئێستا کە ئەمە نەکراوە، هەڵە بووە".
"داوا لە هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش دەکەم بێن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە ئێستا هەرێمی کوردستان رەخساندوویەتی، بۆ ئەوەی بێن وەبەرهێنان لێرە بکەن، بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ کە هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەو کەسە بە سوود دەبێت کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات. من پێموایە سڕی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدایە، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان ئێستا بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە نیشتمانییە دەکەن" مەسرور بارزانی وادەڵێت.