پەرەگراف
پارێزەری كەیسی ئەو مێرمنداڵەی لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانی لەدەست دا، داخستنی كەیسەكەی لەلایەن دادگاوە ڕاگەیاند و دەڵێت "ڕاپۆرتی یەكەمی پزیشكەكە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم كەسە لە ئەنجامی بەكارهێنانی تووندی و لێدان و فشارەوە گیانی لەدەست داوە". پارێزەرەكە جەخت دەكاتەوە كە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكە پێشكەش دەكەن و وەزارەتی ناوخۆیش هێشتا لە سەرەتای لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەدایە.
محەمەد ئەحمەد، پارێزەری كەیسی سەهەند ئەحمەد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دادگای لێكۆڵینەوەی حەوت كەیسەكەی داخست. بە ئەزموونی خۆم كە زەمانێكی زۆر خەریكی لێكۆڵینەوە بووم و 20 ساڵیشە پارێزەرم، بۆ یەكەم جارە ببینم كەیسی تاوانێكی وا گەورە بەو خێراییە دابخرێت، لە كاتێكدا ئێمە لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندا بووین".
پارێزەرەكەی كەیسی سەهەند باسی لە بوونی "كۆمەڵێكی زۆر بەڵگە" كرد كە لەدەستیاندایە و وتی "بەڵگەمان لایە لە پشتەوە بە قۆناغە تفەنگ لێی دەدەن. بەڵگەی تەواومان لایە كە یەكێك لەو كەسانەی لە ڕۆژی گرتنەكەدا لە سەهەندی داوە، بە شێوەیەك لێی داوە كە سەری تڵیشاندووە".
سەبارەت بە كارنەكردنی كامێراكانی زیندانەكە، ئەو پارێزەرە وتی "كامێراكە ئیشی كردووە و تۆماری كردووە و دواتر سڕدراوەتەوە، بەڵام دواتر بەشێكی زۆر لە ڤیدیۆ سڕدراوەكان هێنراونەتەوە".
ئەو پارێزەرە لەگەڵ دەربڕینی سەرسوڕمانی خۆی لە داخستنی كەیسەكە لە ماوەی 20 ڕۆژدا، بەڵام وتی "ئێمە دوێنێ سەردانی لیژنەی وەزارەتی ناوخۆمان كرد، لیژنەكە لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندایە و تازە بەڵگەكانی كۆدەكاتەوە".
هەشت پۆلیس لە كەیسی گیانلەدەستدانی سەهەند ئەحمەد تۆمەتبارن و وەكوو پارێزەرەكە باسی كرد "تۆمەتبارەكان ئازاد نەكراون. دادوەر بڕیاری داوە ئەو پۆلیسانەی كە توندووتیژییان بەكار هێناوە، لە شوێنی تایبەتمەندی خۆیانەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و سزا بدرێن".
پاش ئەوەی تەرمی سەهەند ئەحمەد لە گۆڕ دەرهێنرایەوە و دووبارە توێكاریی بۆ كرا، دوێنێ ڕاپۆرتی پزیشكی دادی لەوبارەیەوە گەڕاوەتەوە و پارێزەرەكە وتی "ڕاپۆرتەكە دەڵێت سەهەند بە قەزا و قەدەر مردووە و ماددەی هۆشبەری بەكار هێناوە".
محەمەد ئەحمەد ڕەخنەیشی لە ڕەوانەكردنی كەیسەكە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی حەوت كرد و وتی "تایبەتمەند نییە بە بینینی ئەو كەیسە، كەیسی سەهەند كوشتنە و دەبوو دادگای لێكۆڵینەوەی هەشت لێكۆڵینەوەی لەو كەیسەدا بكردایە".
بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم داواكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی حەوت لەلایەن كەسوكار و پارێزەری سەهەندەوە پێشكەش بكرێت، بۆ ئەوەی دووبارە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەست پێ بكاتەوە. لیژنەكەی وەزارەتی ناوخۆیش كۆتایی بە كارەكانی لەسەر ئەو كەیسە نەهێناوە و بەردەوامە لە كۆكردنەوەی بەڵگە.