دادگا فیدراڵی وادەی دادبینی دیاریکرد لەو داوایانەی لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون
پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ دادبینی چوار داوای یاسایی کە لە دادگاکە تۆمارکراون لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
داوایاساییەکان سیانیان لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کراون، یەکەم داوا لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە ١٢-٢٠-٢٠٢٢ تۆمارکرا، پاشان هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەو و کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان داوای یاساییان بۆ هەمان مەبەست لە دادگاکە تۆمار کرد.
دواتریش یوسف محەمەد سەرۆکی پیشووی پەرلەمانی کوردستان لە ٧-١١-٢٠٢٢ لەسەر هەمان بابەت داوایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد.
داواکاران لە داوایاساییەکانیاندا تانەیان لەو یاسایەداوە کە پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک پێدرێژکردەوەو پێیانوایە یاساکە پێچەوانەی دەستوورە.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داواکەیەوە دەڵێت "بە رەچاو کردنی چەند بڕیارێکی پێشوی دادگای فیدڕاڵی و، ئاماژەدان بە دژوەستانەوەی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکان لەگەڵ ئیرادەی گەل و بنەماکانی دیموکراسی و بەند و مادەکانی دەستور، چاوەڕێ ئەکەین کە دادگاکە دواجار بڕیاری نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەربکات. لە داواکەمان دا داوامان کردوە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر نادەستوری بونی یاسای ئاماژەپێکراو و کۆتایی ھێنان بە ویلایەتی«پەرلەمان » و «سەرۆکایەتیی ھەرێم» و «حکومەتی ھەرێم» بدات".
ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.
نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.
لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.
ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.