پەرەگراف
پارتی و یەکێتی دوو وەزارەتی دیکەیان لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی پێدراو بەوەش پشکی کورد بوو بە چوار وەزارەت و ئەو دوو حیزبە هەریەکەیان دوو وەزیری دەبێت.
بەرپرسێکی یەکێتی لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "وەزارەتی ژینگە بۆ یەکێتی و ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی یەکلاکرانەوەو ئێمە کاندیدی خۆمان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە".
بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف لە یەکێتی نزار ئامێدی سکرتێری سەرۆککۆماری عێراق چانسی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە ئەگەر لە پۆستەکەی ئێستایدا لاببرێت، هاوکات میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە کە بەنگین ڕێکانی دەبێت بە وەزیری ئاوەدانکردەوە.
پێشتریش فوئاد حسێن لە پشکی پارتی وەک وەزیری دەرەوەو خالید شوانی لە پشکی یەکێتی وەک وەزیری دادی عێراق دەستبەکاربوون.
کابینەکەی سوودانی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە پەرلەمان متمانەی پێدراو ٢١ وەزیر دەنگیان لەسەردرا، تەنها وەزارەتی ژینگەو ئاوەدانکردنەوە پڕنەکرانەوە، ئەوەش بەھۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، پارتی داوای هەردوو وەزارەتەکەو یەکێتی داوای یەکێکیانی دەکرد.