دادگای فیدراڵی وادەی بڕیاردانی دیاریکرد لە دۆسیەی داوایەکی یاسایی خانەنشینان لە دژی مەسرور بارزانی و ئاواتی شێخ جەناب

08-11-2022 02:20

پەرەگراف

ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادبینی لە دۆسیەی داوایەکی یاسایی خانەنشینانی ھەرێم لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بەڕێوەچوو کە لەسەر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی تۆمار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە بە پەرەگرافی وت، دادگای باڵای فیدڕاڵی وتەی نوێنەری وەزارەتی دارایی عێراقی وەک لایەنی سێھەم و سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیانی وەرگرت، پاشان کۆتایی بە دادبینی ھێنا و رۆژی ٢٣/ ١١/ ٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ بڕیاردان لە دۆسیەکە.

داوایاساییەکە لەلایەن بەشێک لە خانەنشینانی ھەرێم لەسەر ھەریەکە لە مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب تۆمارکراوە بەھۆی ئەوەی ئامادە نین یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی ھەموارکراو جێبەجێ بکەن، بەڵکو یاسایەکی ساڵی ٢٠٠٦ی عێراق جێبەجێ دەکەن کە ھەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکە دەڵێت "بەمەش زیانێکی زۆر بە خانەنشینانی شایستەی ھەرێم دەکەوێت و موچەکانیان زۆر کەمترە لە ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ھەر بۆ نمونە نزمترین موچەی خانەنشینی لە ئاستی عێراق ٥٠٠ هەزار دینارە، بەڵام لە ھەرێم ٢٢٠ هەزار دینارە. ئەمە جگە لەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی ھەموارکراو دادپەروەرییەکی زۆر دروست دەکات لە نێوان موچە بەرزو نزمەکانی خانەنشینی".