باڵیۆزی کەنەدا: پەرلەمانی کوردستان ئێکسپایەر بووە و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت

07-11-2022 10:06

پەرەگراف

باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ڕایگەیاند، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ئێکسپایەر بووە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جێی متمانە دەکات لە هەرێم.

گریگۆری گالیگان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەپێناو گرەنتیکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کەنەدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ بونیادنانی زەمینەیەکی هاوبەش سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە".

باڵیۆزی کەنەدا دەشڵێت "ئەوەش بەو ئامانجەی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی جێمتمانە ئەنجام بدرێت و لەو ڕێگەیەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن مافە دیموکراسییەکانی خۆیان پراکتیزە بکەن".

دوێنێ ٦-١١-٢٠٢٢ تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات. بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان کشانەوەیان لە پەرلەمان ڕاگەیاندووە، بەڵام دەستیان لە کار نەکێشاوەتەوە، تەنیا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە.

پاش ئەوەی چەند جار کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم بە بەشداریی نێردەی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بێ ئەنجام بوو، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە.

پێشنیازه‌یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق، ڕۆژی 9-10-2022 به‌ ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار له‌ فراكسیۆنه‌كانی پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان و پێكهاته‌كان په‌سه‌ند كرا. ئەم خولەی په‌رله‌مان زیاتر لە ساڵێک تەمەنی درێژکرایەوەو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت لە کارەکانی و دەبێت لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکار کێشانەوەی ھەر پێنج پەرلەمانتارەکەی ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و دەڵێت "ھیچ پاساوێك بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان نییە و لەگەڵیدا نیین".

فراکسیۆنی نەوەی نوێیش ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ناچنەوە ناو هۆڵی "پەرلەمانێکی بەسەرچوو و ئێکسپایەر"، هەژمارە بانکییەکانیان دادەخەن و "یەک دینار مووچەی حەرامی پەرلەمانی ناشەرعی" وەرناگرن.

دوێنێش حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ و چواری ناڕازییەکانی گۆڕان و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکەوە ڕایانگەیاند، بڕیاریان داوە بە کشانەوە لە پەرلەمان و داوای دروستکردنی بەرەیەک دەکەن لە خەڵک و لایەنە ناڕازییەکان دژی دەسەڵات.

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "پێکەوە بڕیارمان دا بە کشانەوە و بایکۆتی پەرلەمان و نەبوونە بەشێک لەو کارە نایاساییانەی دەسەڵات دەیکات".