سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمار کرد
پەرەگراف
یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای تۆمارکرد لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.
"پاش ئەوەی دوێنێ ٦/ ١١ لە سایتی وەقایعی کوردستان، یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ٧/ ١١/ ٢٠٢٢ لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەکمان تۆمار کرد بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) بۆتانەدان لە دەستوری بونی دەرکردنی ئەو یاسایە و، ناشەرعی و نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بێئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد" یوسف محەمەد لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ پەرەگراف نێردراوە وادەڵێت.
سەرۆی پێشووی پەرلەمان دەشڵێت "پێشتریش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە داوە کە هەڵبژاردن وەک گرێبەستی نێوان دەنگدەر وهەڵبژێردراو، مەرجدارە بەو کاتەی بۆی دیاریکراوە و بەو بەڵێنانەی هەڵبژێردراو داویەتی بە دەنگدەر کە لەو ماوەیەدا کار بکات بۆبەدیهێنانیان. هەر بۆیەش لە دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی ئەنجومەن و پۆستە هەڵبژێردراوەکان، شەرعییەت لە دەست ئەدەن ودرێژکردنەوەیان ناشەرعییە و دژی بنەما جێگیرەکانی دیموکراسییە".
"ھەر بۆیەش لە دوێنێ ٦/ ١١ەوە دەسەڵاتەکانی ھەرێم شەرعییەتیان لەدەست داوە و، لە ھەمان کاتیش بە ھەڵبژاردنی پڕ ساختەکاری و، بێبێلایەن کردنی ھێزی چەکدار و ئەمنی، شەرعییەتیان بۆ ناگەڕێتەوە. لە داوا دەستورییەکەماندا، بە سوپاسەوە بەھاوکاریی چەند ھاوڕێیەکییاساناس، بە وردی باسمان لە دژ بونی دەرچونی یاسای ناوبراو کردوە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و، بەند و مادەکانی دەستوری عێراقکە پەسەندکراوی گەلی کوردستانیشە. سەرباری داوایەکی یاسایی دیکە کە لە کاتی خۆیدا باسی ئەکەین." یوسف محەمەد وادەڵێت.
پێشتریش ھەریەکە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ھەمان پرس سکاڵایان لەدادگای فیدراڵی تۆمار کردووە.