یەکێتی بەبێ ناوهێنانی بارزانییەکان پیرۆزبایی ‘سەرکەوتنی’ کۆنگرەی پارتی دەکات

07-11-2022 12:56

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنیان و کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ١٤ی حیزبەکەیان، پەیامەکەی یەکێتی ساردیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزبی پێوەدیارەو ناوی مەسعود بارزانی و جێگرەکانی نەهێناوەو پیرۆزبایی هەڵبژاردنیانی نەکردووە.

"بەناوی یەكێتيی نیشتمانیی كوردستانەوە پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چواردەمینی پارتەكەتان و هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستانتان لێ دەكەین" مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامەکەیدا بۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی وادەڵێت.

دەشڵێت "ئومێدمان وایە راسپاردەو بڕیارەكانی كۆنگرە بە قازانجی سەرخستنی ئەزموونی گەلەكەمان و تەبایی و حكومڕانییەكی باشتر و شایانی هاووڵاتیانی كوردستان بوو بێت".

کۆنگرەی ١٤ی پارتی دوێنێ بە ڕاگەیاندنی ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندیی کۆتایی بە کارەکانی هات.

لەو کۆنگرەیەدا مەسعود بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو بۆیەکەمجارە سەرۆک دوو جێگری بۆ دانرا، نێچیرڤان بارزانی جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بوو بە جێگری دووەمی سەرۆک.

پیرۆزباییەکەی یەکێتی هاوکاتە لەگەڵ دۆخی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە کە بەهۆیەوە قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی وەزاریی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە.