سەرنووسەری پەرەگراف دوو سکاڵای یاسایی لە ئارام شێخ محەمەد بردەوە

06-11-2022 07:17

پەرەگراف

سەرنووسەری پەرەگراف دوو سکاڵای یاسایی بردەوە کە ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆمارکردبوو.

سکاڵاکان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن" لە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا تۆمارکرابوون کە بە بەڵگەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوکرابوونەوە لەبارەی نەگەڕاندنەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەلایەن ئارام شێخ محەمەد بۆ دەوڵەت دوای تەوابوونی کارەکەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ لە دووەم دانیشتنی دادگادا لەسەر ئەو سکاڵایانە، سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و پارێزەرەکانی ئامادەبوون کە لەڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) و لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەرگری لە ڕای ئازاد بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپائەرکی پارێزەرایەتییان گرتبووە ئەستۆ.

لە دانیشتنەکەدا دادوەر بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی تۆمەتی ڕوبەڕوی سەرنووسەری پەرەگراف کردەوەو ئەویش تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، پاشان داواکاری گشتی پاڵپشتی سەرنووسەری پەرەگراف و ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کرد کە پێشکەشی دادگایکردوون و وتی، داوای ئازادکردنی دەکەین بەوپێیەی هیچ تەشهیرێکی نەکردووەو بەڵگەی پێویستی خستووەتەڕوو.

دواتر دادوەر بڕیاری دادگای ڕاگەیاند و بە سەرنووسەری پەرەگرافی وت "لەبەرئەوەی بەڵگەی پێویست نییە لەسەرت دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنت(افراج)".

سکاڵاکانی جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ١ی ٢٠٢٠ لەسەر سەرنووسەری پەرەگراف تۆمار کرابوون، یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو سکاڵایانە لە ڕێکەوتی ١٤-٦-٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، ڕۆژێک بەرلەو دانیشتنە سکاڵاکار وازهێناننامەی لە سکاڵاکانی پێشکەشی دادگا کردووە، بەڵام دادگا لە گرتنەبەری ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکە بەردەوام بوو تا ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوەی تێدادرا.