فراکسیۆنی نەوەی نوێ: ناچینەوە پەرلەمانی ئێکسپایەرو مووچەی حەرامی پەرلەمانیش وەرناگرین

06-11-2022 01:32

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ناچنەوە ناو هۆڵی پەرلەمانێکی بەسەرچوو و ئێکسپایەر، هەروەها لەم ساتەوە ژمارە حسابی بانقیەکانیان دادەدەخەن و یەک دینار "موچەی حەرامی پەرلەمانی ناشەرعی" وەرناگرن.

دەقی ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی نەوەی نوێ

ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێمان وایە ئەم پەرلەمانە و حکومەت و کابینەی نۆیە، لەئەمرۆوە هەردوکیان ماوەیان بەسەرچوەو ئێکسپایەر بوون.

بۆیە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک بەشێک نابین لەم کارە نایاساییەی پارتی و یەکێتی و بەهیچ شێوەیەک ناچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمانێکی بەسەرچوو وە ئێکسپایەر، بە هیچ شێوەیەک!!

وە هەروەها لەم ساتەوە ژمارە حسابی بانقیەکەمان دادەدەخەین و یەک دینار موچەی حەرامی پەرلەمانی ناشەرعی وەرناگرین، وە لە ژێر هیچ ناوی خێر و هاوکاری و ئەو قسانەشدا لە هیچ ساتێکدا ئەم موچە حەرامە وەرناگرین، چونکە پێمان وایە ئەمە نەریتێکی خراپە و دەبێت کەسانێک و هێزی ئازا هەبن بە جورئەتەوە رەتی بکەنەوە و هیچ بیانویەک نەهێننەوە بۆی.

ئێمە وەک فراکسیۆنەکەمان لە رابردودا موچەی خانەنشینیمان رەتکردەوە و لە ئێستاشدا دوای تەواوبونی چوار سالی تەمەنی پەرلەمان هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەو پەرلەمانتار و دەستە نایاسایی و ناشەرعییە جێدەهێلین کە تێیدا دەمێننەوە، وە تەواوی موچە و هەروەها موچەی خانەنشینیشمان رەت دەکەینەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئێمە ئەرکێکی ئەخلاقیە و جێبەجێکردنی بەڵێنی لیستی نەوەی نوێ بوو لە ساڵی ٢٠١٨ دا، بۆیە دەمانەوێت ئەمرۆ بە هاوڵاتییانی بلێین کە لەسەر بەڵێنی خۆمانین و راستگۆین بەرامبەر بەو بەڵێنانەی پێشتر بەئێوەمان دابوو.

لەکۆتاییشدا دەمانەوێت بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی رابگەێنین،  ڕاستی و پاکی هێزی سیاسیی و کەسانی سیاسیی لەم چرکە ساتانەدا دەردەکەوێت، کە لەکاتی بونی پۆست و پارەو کورسی دەسەڵاتدا تاقی دەبنەوە، کە ئاخۆ دەستبەرداری ئەو ئیمتیازات و دەستکەوتانە دەبن، یان لە پێناو دەستکەوتدا پەنا بۆ کاری نایاسایی و ناشەرعی دەبەن. وەک دەوترێت ئەمرۆ رۆژی تاقیکردنەوە گەورەکەیە.

سوپاسی هەموو ئەو فڕاکسیۆنانەش دەکەین کە هاوهەڵوێست دەبن لەگەڵمان و لەمڕۆ بەدواوە ناگەڕێینەوە پەرلەمانێکی ماوە بەسەرچوو نابنە بەشێک لە شەرعیەتدان بە بەپەرلەمانێکی ناشەرعی وموچەودەرماڵە ڕەت دەکەنەوەو وەریناگرن. چونکە گرنگە پەرلەمانتار لەم ساتانەدا دەستبەرداری ئیمتیازاتی خۆی بێت لەگەل هەلوێستە سیاسییەکاندا.

لەکۆتایدا زۆر زۆر سوپاسی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی دەکەین وبەڵێنیان پێدەدەین وەک چۆن لە چوار ساڵی ڕابردوو لەشەقام لەگەڵیان بەین ولەهۆڵی پەرلەمانیش دەنگو سەنگی ئەوان بوین، لەداهاتووش بەردەوام دەبین لە بەرگری کردن لەمافەکانیان ولەگەڵیان دەبین.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ٢٠٢٢/١١/٦